zagros news agency

کریستۆفەر نۆلان بە تیزەرێکی نوێ جیهانی “The Odyssey” دەخاتە روو

تیزەرە نوێیەکەی فیلمی “The Odyssey” لە دەرهێنانی کریستۆفەر نۆلان بە ئاستێکی داستانی بێپێشینە دەردەکەوێت، بە دیمەنگەلێک کە ئاوێتەیەک لە ئەفسانە و ململانێ و گەڕانەوەیەکی خوێناوییە بۆ نیشتمان.

 

هەر ئێستا وا دەردەکەوێت “The Odyssey” لە هەموو کاتێک زیاتر داستانی بێت، چونکە ئۆدیسۆس بە ئارەزووی تۆڵەکردنەوە دەگەڕێتەوە و تێلێماکۆسیش هەوڵ دەدات لە غیابی باوکیدا خۆی بسەلمێنێت.

 

هیچ چیرۆکێک هاوشێوەی ئەم شاکارە نییە و نۆلان دەیەوێت بیکاتە ئەزموونێکی سینەمایی ناوازە. وا بڕیارە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا فیلمەکە ببینین، بەڵام پێش ئەوە تیزەرە نوێیەکە رێگە دەدات بە قووڵی بچینە ناو وردەکارییەکانی.

 

نۆلان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەکارهێنانی تەکنیکی ئای ماکس سنووری بۆ ماوەی فیلمەکە داناوە، چونکە زۆرترین کات لەسەر ئەو ئامێرانە 3 کاتژمێرە.

 

لەم تیزەرەدا رووبەڕووبوونەوەی جەنگاوەرە زەبەلاحەکان و نیشاندانی “Cyclops” دەردەکەون کە بەشێکن لە ئەفسانە یۆنانییەکان.

 

لەبارەی لایەنی هونەرییەوە، رۆبێرت پاتینسن وەک کارەکتەری “Antinous” دەردەکەوێت و هێزە شەڕخوازە سەرەکییەکەیە.

 

بەشداربوونی ئەکتەرانی وەک مات دەیمۆن، تۆم هۆڵاند، ئان هاساوای، زێندایا و چارلیز تێرۆن، وایکردووە چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ 17ی تەممووز هەبێت.

 

دەرهێنەرەکە رایگەیاند، کارکردن لەسەر ئەم پڕۆژەیە تەحەدایەکی گەورە بووە بەهۆی گەشتکردن بۆ چەندین شوێنی جیاوازی جیهان وەک چیا و ئەشکەوتەکان، ئەو لەو بڕوایەدایە کارەکەی شایستەی ئەو ماندووبوونە بێت و بەردەوام هەوڵی داوە کوالێتییەکی بەرز پێشکەش بکات کە تەنیا لە سینەمای ئەودا دەبینرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی هەرێم: باران و بەفربارین دەستپێدەکاتەوە

سەڵاح

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

سەڵاح

یۆرۆلیگ.. مانچستەر یونایتد لە دواخولەکەکان سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەدەستهێنا

یاسین