zagros news agency

ئۆپەراسیۆنێکی گەورە.. دەستگیرکردنی 270 کەس لە هەڵمەتێکی دژ بە قاچاخی دەرمان

 

ڕێکخراوی پۆلیسی تاوانی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا لە 90 وڵاتی جیاوازدا، نزیکەی 270 کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە قاچاخچێتیی دەرمان دەستگیر کراون و 66 گرووپی تاوانکاریش هەڵوەشێنراونەتەوە.

هاوکات ڕێکخراوەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە بەکارهێنانی دەرمانی دژەمشەخۆر بۆ مەبەستی دیکە.

دەستبەسەرداگرتنی ملیۆنان دەرمانی نایاسایی

ڕێکخراوەکە کە بنکەکەی لە شاری لیۆنی فەرەنسایە، لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە، ئۆپەراسیۆنی (Pangea XVII) کە لە مانگی ئازاردا لەسەرانسەری کیشوەرەکاندا ئەنجام درا، بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە شه‌ش ملیۆن یەکەی دەرمانی نایاسایی کە بە بەهای 15.5 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئەو بەرهەمە بێ مۆڵەت یان ساختانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە:

* دەرمانەکانی چارەسەری لاوازیی سێکسیی نێرینە.

* دەرمانە ئازارشکێنەکان و هێورکەرەوەکان.

* دژەبەکتریاکان (ئەنتی بایۆتیک).

* ئەو بەرهەمانەی یارمەتیی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدەن.

هۆشداری لە مەترسییەکانی بازاڕی ئۆنلاین

ڤاڵدیسی ئۆرکیزا، سکرتێری گشتیی ئینتەرپول، ئاماژەی بەوە کردووە کە بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان و کەناڵە نایاساییەکانی دابینکردن، دەرفەت بۆ تاوانباران دەڕەخسێنن، تاوەکوو کەلێنەکانی چاودێری بقۆزنەوە و ئەو کەسانە بکەنە ئامانج کە بەدوای چارەسەری خێرا یان هەرزاندا دەگەڕێن. هەروەها هۆشداری دا کە لێکەوتەکانی ئەم کارە مەترسیدارن و ڕەنگە کوشندەش بن.

گۆڕینی بەکارهێنانی دەرمانی ڤێتێرنەری بۆ مرۆڤ

ڕێکخراوەکە تێبینیی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی کردووە لە دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی دژە مشەخۆر، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی کرمی ناو سک کە تەنیا بۆ بەکارهێنانی ڤێتێرنەری (ئاژەڵان) ڕێپێدراون. ئینتەرپول ئاشکرای کردووە کە ئەم بەرهەمانە زۆرجار وەک تەواکەری خۆراکی و لە چوارچێوەی چارەسەری جێگرەوە بۆ شێرپەنجە دەفرۆشرێن. جەختیشی کردەوە کە ئەم بانگەشانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە.

بەپێی (سکای نیوز)ی عەرەبی، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، داواکاریی لەسەر بەرهەمە دەرمانسازییەکانی پەیوەست بە توانای جەستەیی و شێوازی ژیان (Lifestyle)، وەک ستێڕۆیدەکان و پێپتایدەکان، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگاری دهۆکێ: چەندێن پرۆژە بۆ قوناغا بجهئینانێ هاتنە رەوانەکرن

سەڵاح

ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات، مووچه‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌بێت

سەڵاح

لە ساڵی ڕابردوودا هەزاران منداڵ لە تورکیا لە دایک بوون کە دایکیان عێراقییە و باوکیان عێراقی نییە

سەڵاح