ئەو چوارچێوەیەی کە ئهمهریكا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشنیاری کردبوو، ١٠ ڕۆژ چاوەڕێی وەڵامی ئێران بوو. کاتێک ڕۆژی یەکشەممە داواکارییەکانی تاران گەیشتن، دهركهوت ئێران هێشتا سوورە لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتن، سەرەڕای فشارەکانی ترەمپ بۆ خۆبەدەستەوەدانی ڕژێمەکە.
هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی مەرجە وردەکانی ناو دانوستانەکەیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە تاران لە وەڵامەکەیدا داوای کۆتاییهێنانی تەواوەتی جەنگ، دانپێدانانی فەرمی بە سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمز و لادانی تەواوەتی سزاکانی کردووە.
ئەم داواکارییە بوێرانە بوونە هۆی پێشنیارێکی پێچەوانە کە ترەمپ دەستبەجێ ڕەتی کردەوە. پێشنیارەکەی بە “بە هیچ شێوەیەک قبوڵنەکراو” وەسف کرد و دواتر ناوی برد بە “كۆمهڵێك له خۆڵ و خاشاک” (piece of garbage).
لەو کاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە ١٠ هەفتە لەمەوبەر هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کۆماری ئیسلامی ستراتیژێکی گرتووەتە بەر کە تێیدا هەر جۆرە نیشانەیەکی خۆڕادهستكردن ڕەتدەکاتەوە. لە جیاتی ئەوە، تاران ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ درێژکردنەوەی ململانێکان ئەگەر پێویست بکات، بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر واشنتۆن و دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت کە ڕژێمەکە لە ڕووی داراییەوە بەهێز بکات و مانەوەی درێژخایەنی مسۆگەر بکات.
ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “ئەوان وا دەزانن من ماندوو دەبم، یان بێزار دەبم، یان دەکەومە ژێر فشارەوە. هیچ فشارێک لەسەر من نییە. ئێمە سەرکەوتنێکی تەواوەتی بەدەست دەهێنین.”
ترەمپ باسی لهوهش كرد کە ڕێبەرانی ئێران “بۆچوونی خۆیان دەگۆڕن” کاتێک وا دەردەکەوێت هەردوولا گەیشتوونەتە خاڵی ڕێککەوتن؛ ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە سوپای ئێران ڕەتیدەکاتەوە واژوو لەسەر ئەو مەرجانە بکات کە ترەمپ دەیەوێت.
جیاوازییهكان:
بنبەستەکە لە جیاوازی دهستپێكهوه سەرچاوە دەگرێت؛ ترەمپ بەدوای سەرکەوتنێکی “خێرا و ئاسان”دا دەگەڕێت کە تێیدا ئێران دەستبەجێ لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیدا پاشەکشە بکات، لە کاتێکدا تاران سوورە لەسەر ئەوەی ئەو داواکارییانە دوابخات و سەرەتا دەستکەوتەکانی خۆی بچنێتەوە.
ئێران پێشنیاری پلانێکی قۆناغ بە قۆناغی کردووە؛ لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا جەخت لەسەر ڕاگەیاندنی کۆتایی جەنگ لە هەموو بەرەکان، لادانی سزاکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەکاتەوە، و باسی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بۆ قۆناغەکانی دواتر دواخستووە.
بەڵام ترەمپ داوا دەکات ئێران بە فەرمی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو (بەرپرسانی ئەمریکا لانی کەم ١٠ ساڵیان دەوێت) ڕابگرێت و کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی کە بە ٤٤٠ کیلۆگرام دەخەمڵێندرێت، ڕادەست بکات.
سەنام وەکیل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە “چاتام هاوس” دەڵێت: “کێبڕکێیەک لە تێڕوانینەکاندا هەیە. ئێمە لە چەقبەستوویەکداین چونکە ترەمپ تێناگات بۆچی ئەم پیاوانە (ئێرانییەکان) ڕێککەوتنێک ناکەن بۆ ڕزگارکردنی خۆیان.” هەروەها وتی ئێرانییەکان لە قۆناغی سەرەتادا هیچ پاشەکشەیەک ناکەن چونکە متمانەیان بە ترەمپ نییە.
ئاگربەست لە ژێر “ئامێری هەناسەدانی دەستکرد”دایە:
ترەمپ مێژوویەکی درێژی هەیە لە دژایەتیکردنی “جەنگە بێ کۆتاییەکان”، کەچی ئێران هەوڵی داوە پەلکێشی ناو زۆنگاوێکی تێچووی زۆری بکات. لە جیاتی ئەو سەرکەوتنە یەکلاکەرەوەیەی کە ترەمپ بەدوایدا دەگەڕا دوای کوشتنی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و فەرماندە باڵاکانی، ئێستا جەنگەکە بەرەو بنبەست ڕۆیشتووە.
سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی کە مانگێک لەمەوبەر لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتە ئاراوە، چەندین پێکدادانی دەریایی لە گەرووی هورمز ڕوویانداوە. هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەش دەڵێن ئێران دوای چەند هەفتەیەک لە هێمنی، دووبارە مووشەکی بالیستی و درۆنی گرتووەتە شارەکانیان.
ترەمپ ڕۆژی دووشەممە وتی ئاگربەستەکە لە مەترسی داڕماندایە و وتی: “دەتوانم بڵێم ئاگربەستەکە لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددایە” (واتە زۆر لاواز بووە).
لەلایەکی تریشەوە، سوپای کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان نیگەران نین لە ناڕەزایەتییەکانی ترەمپ. ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی سەربازی ئێران وتی: “هیچ کەسێک لە ئێران پلانی نییە بۆ ڕازیکردنی ترەمپ. تیمی دانوستانکار دەبێت تەنها ڕێز لە مافەکانی ئێران بگرێت، و سروشتییە کە باشترە ترەمپ لەو پلانانە ڕازی نەبێت.”
CNN

