بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر نووسینگەی لەدایکبووان و مردووان، چوار بنکەی تەندروستی بۆ کوتانی منداڵە تازە لەدایکبووەکان دیاری کراون.
بەپێی ئاگادارییەکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بڕیارەکە ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، نەخۆشخانەی ئیماراتی یان بە شێوەی لەدایکبوونی سروشتی لە ماڵەوە لەدایک دەبن.
بەپێی ڕێنماییەکان، دایک و باوکان دەبێت لە ماوەی ٧٢ کاتژمێر دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، بەپێی خشتەی دیاریکراو، بۆ کوتان سەردانی یەکێک لەو چوار بنکە تەندروستییانە بکەن:
– بنکەی تەندروستی ئازادی
– بنکەی تەندروستی نەورۆز
– بنکەی تەندروستی ملافەندی
– بنکەی تەندروستی نافع ئاکرەیی
پێشتر کوتانی منداڵە تازە لەدایکبووەکان تەنیا لە نووسینگەی لەدایکبووان و مردووان ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا بە مەبەستی فراوانکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر ئەو نووسینگەیە، چوار بنکەی تەندروستی بەپێی شوێنی جوگرافی هەولێر بۆ ئەم مەبەستە دیاری کراون.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر داوای لە دایک و باوکان کردووە منداڵەکانیان لە کاتی دیاریکراودا بۆ کوتان بهێنن، چونکە کوتان یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی پاراستنی منداڵان لە نەخۆشییە گوازراوەکان.

