نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو وڵاتە دژی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕێکاری یاسایی دەگرێتە بەر. ئەم بڕیارە دوای بڵاوبوونەوەی وتارێکی نیکۆلاس کریستۆفی نووسەر دێت کە تێیدا تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی قورسی دابووە پاڵ ئیسرائیل بەرانبەر بە فەلەستینییەکان لە زیندانەکاندا.
وتارەکەی کریستۆف بە ناونیشانی “ئەو بێدەنگییەی دەستدرێژی بۆ سەر فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبێتەوە” ڕۆژی دووشەممە ١١ی ئایار لە نیویۆرک تایمز بڵاو کراوەتەوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەم تۆمەتەی بە “یەکێک لە قێزەونترین و چەواشەکارترین درۆکان” ناو برد کە تا ئێستا دژی حکوومەتی ئیسرائیل بڵاو کرابێتەوە. هەروەها گوتی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران و گیدعون سعەری وەزیری دەرەوە، فەرمانیان بە بەرپرسان داوە ئامادەکاری بۆ تۆمارکردنی سکاڵای ناوزڕاندن دژی ئەو بڵاوکراوەیە دەست پێ بکەن.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا بەرگریی لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکە کرد و ڕایگەیاند گێڕانەوەی ١٤ ژن و پیاو کە لە وتارەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، ڕاستی و دروستییان سەلمێنراوە و لەگەڵ گێڕانەوەی شاهیدانی دیکە بەراورد کراون.

