سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەکین، بەبێ ڕێککەوتنی گەورە و ستراتیژی کۆتایی هات. لێكۆڵهران دەڵێن ئەگەرچی لوتکەکە ئەنجامی ئابووری سەرنجڕاکێشی لێنەکەوتەوە، بەڵام بۆ چین “سەرکەوتنێکی هێمن” بوو، چونکە توانی پەیوەندییەکان لە جەنگێکی بازرگانی توندەوە بۆ دۆخێکی جێگیر و پێشبینیکراو ببات.
دوای دوو ڕۆژ لە گفتوگۆی چڕ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، ڕێبەری چین، دەرکەوت کە هەردوو وڵات گەڕاونەتەوە سەر شێوازە کۆنەکەی خۆیان کە بریتییە لە “بنبەستی ستراتیژی”. ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی تاریفە گومرگییە بەرزەکانی ترەمپەوە، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات گەیشتبووە لێواری تەقینەوە.
سکۆت کێنیدی، پسپۆڕی کاروباری چین لە واشنتۆن، دەڵێت: “بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر کە تاریفەکان گەیشتبوونە ١٤٥٪، ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ دۆخێکی جێگیر. چین توانیویەتی فشارە توندەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە.”
لە کاتێکدا ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧دا بە گرێبەستی ٢٥٠ ملیار دۆلارییەوە لە پەکین گەڕایەوە، ئەمجارە دەستکەوتەکان زۆر سنووردار بوون:
بۆینگ: ڕێککەوتن بۆ فرۆشتنی ٢٠٠ فڕۆکە کرا، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ٥٠٠ فڕۆکە بێت.
تەکنەلۆژیا: هیچ پێشکەوتنێک لە پرسی فرۆشتنی چیپە پێشکەوتووەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) بە چین بەدەست نەهات.
کەرتی تایبەت: سەرەڕای ئامادەبوونی ئیلۆن مەسک و جێنسن هوانگ لە شاندەکەدا، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی گەورەی نوێ ڕانەگەیەندرا.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی لوتکەکە، پرسی جەنگی ئێران بوو. واشنتۆن هیوای خواستبوو چین فشار بخاتە سەر تاران بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە بازاڕە جیهانییەکانی شێواندووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی ترەمپ هەبووە، بەڵام پەکین هیچ پابەندییەکی ڕەسمی لەو بارەیەوە نیشان نەدا.
لای خۆیەوە، شی جینپینگ چوارچێوەیەکی نوێی بۆ پەیوەندییەکان ناساند بە ناوی “سەقامگیری ستراتیژی بونیادنەر”. پسپۆڕانی چینی پێیان وایە پەکین ئیتر چاوەڕوانی “سەردەمی زێڕینی هاوکاری” ناکات، بەڵکو دەیەوێت بە لایەنی کەمەوە کێبڕکێیەکە بە شێوەیەکی “بەڕێوەچوو” و بێ پێکدادان بێت.
بڕیارە لە پایزی داهاتوودا، شی جینپینگ سەردانێکی پێچەوانە بۆ واشنتۆن ئەنجام بدات، کە چاوەڕوان دەکرێت هەندێک لە گرێبەستە بازرگانییەکان بۆ ئەو کاتە هەڵبگیرێن.
رۆیتهرز

