سزای لەسێدارەدانی بازرگانێکی ئێرانی کە بەتومەتی گەندەڵیی دارایی سزا درابوو بۆ ٢٠ ساڵ زیندان گۆڕدرا.
بابەک زەنجانی، بازرگانێکی ملیاردێری ئێرانییە کە دەگوترێت سامانێکی خەیاڵیی هەیە و بەوە ناوبانگی درکردبوو هەوڵی داوە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر حکوومەتی ئێران دەرباز بکات. بەڵام ساڵی ٢٠١٣ لە نێوخۆی وڵاتەکەی بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی دەستبەسەر کرا و دواتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەو بازرگانە لە زیندانە و هەموو سامانەکەیشی گەڕاندووەتەوە بۆ نێوخۆی وڵات و دوای تۆبەکردن، داوای پێداچوونەوەی سزاکەی کردووە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ڕێبەری وڵات ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر ئەوەی سزاکەی بۆ ٢٠ ساڵ زیندان بگۆڕدرێت.