لە کاتێکدا هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەدەست نەهاتووە و سێبەری شەڕ بەسەر کەنداوەوە قورسە، لە سەرەتای مەراسیمەکانی حەجدا ملیۆنان زیارەتکار گەیشتنە سعوودیە و ژمارەیان لە ئاماری ساڵی ڕابردووش زیاترە.
شەڕی ئێران ئاسایشی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی خستووەتە مەترسییەوە و هەر بۆیە پێشتر هۆشداری دەربارەی مەراسیمی حەج درابوو. بەڵام سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، هەندێک لە موسڵمانانی جیهان ئەمساڵیش دەستیان لە گەشتی زیارەتی مەککە هەڵنەگرت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بەرپرسانی سعوودیە، تا کۆتایی هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێک و نیو کەس بۆ بەشداری لە حەج گەیشتوونەتە ئەم شارە، ئەمەش نیشاندەری زیادبوونی ژمارەی زیارەتکارانی نێودەوڵەتییە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
بە ڕاپۆرتی میدیاکان، بەیانیی دووشەممە زیارەتکاران لە کاتێکدا جلی سپی یان ئیحرامیان پۆشیوە، مەککەیان بەرەو شاری مینا بەجێ هێشت بۆ ئەوەی مەراسیمە ئایینییەکان دەست پێ بکەن.
حەج یان زیارەتی ماڵی خودا لە مەککە یەکێکە لە پێنج پایەکەی ئیسلام. بە گوێرەی ئەحکامەکان، لەسەر هەموو موسڵمانێک واجبە ئەگەر مەرجە دارایی و جەستەیی و عەقڵییەکانی تێدا بێت، لانی کەم جارێک لە تەمەنیدا بۆ ئەم گەشتە زیارەتییە بچێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە، ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی ئەمریکی کردبوو ئەمساڵ لەم مەراسیمەدا بەشداری نەکەن.
لە مانگی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لە نێوان کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانیی ئیسرائیل و ئەمریکا لەو شەڕەدا هەیە کە تێیدا ئێران وەک تۆڵەکردنەوە هێرشی کردە سەر وڵاتانی دەوروبەری کەنداو، لەوانەش سعوودییە.

