zagros news agency

ترەمپ: دەبێت هەموو وڵاتانی ناوچەکە ببنە ئەندامی پەیمانی ئیبراهیم

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکی دیکە لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ڕەزامەندیی نیشان دا.

ترەمپ لە هەژمارێکی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” نووسی: “دانوستانەکان لەگەڵ ئێران باش دەچنە پێش! یان ڕێککەوتنێکی ناوازە بۆ هەمووان دەبێت یان هیچ ڕێککەوتنێک نابێت.”

ناوبراو هاوکات هۆشداریی دا ئەگەر ڕێککەوتن بەدەست نەیەت، ئەمریکا بۆ بەرەی شەڕ دەگەڕێتەوە و “تەقەکردن لە هەموو کاتێک گەورەتر و توندتر دەست پێ دەکات و کەس ئەمەی ناوێت.”

سەرۆککۆماری ئەمریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران بە پەیمانی ئیبراهیمەوە بەستەوە و ئاماژەی بەو گفتوگۆیانە کرد ڕۆژی شەموو لەگەڵ سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر، ئوردن و بەحرەین ئەنجامی دابوون و گوتی: “دوای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەری ئەم پرسە ئاڵۆزە، دەبێت ئەم وڵاتانە ناچار بن هاوکات پەیمانی ئیبراهیم واژۆ بکەن.”

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد ئیمارات و بەحرەین ئێستا ئەندامی ئەم پەیمانەن و گوتیشی لەوانەیە لە نێوان قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر و ئوردن، یەک دوو وڵات پاساویان بۆ بەشدارینەکردن هەبێت، بەڵام ئەوانی دیکە “دەبێت ئامادە و خوازیار بن.”

ترەمپ گوتیشی دەبێت سعوودیە و قەتەر پێشەنگ بن و “دەستبەجێ” ئەم پەیمانە واژۆ بکەن.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە درێژەدا نووسی: “بێ چەندوچوون داوا لە هەموو وڵاتەکان دەکەم دەستبەجێ پەیمانی ئیبراهیم واژۆ بکەن و ئەگەر ئێرانیش لەگەڵ مندا ڕێککەوتن واژۆ بکات، جێی شانازی دەبێت ئەوانیش بچنە ناو ئەم هاوپەیمانییە جیهانییە بێوێنەیەوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

‎هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی ٢ی سالی ٢٠٢٦ دابەش دەکرێت

گوران

شاخه‌وان عه‌بدوڵا: مووچه‌ی مانگی شه‌شی فه‌رمانبه‌ران، به‌بێ كێشه‌ ده‌گات و دابه‌ش ده‌كرێت

سەڵاح

‎نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە

گوران