zagros news agency

کۆنگرێسی ئەمریکا بە یاسایەکی نوێ پاڵپشتی دارایی ئۆکرانیا دەکات و سزای نوێ سەر ڕووسیا دەسەپێنێتە

 

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای “پاڵپشتی ئۆکرانیا”ی پەسەند کرد. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی کۆماری ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بوونەتەوە.

یاسا نوێیەکە زیاتر لە ۱ ملیار دۆلار هاوکاری دارایی و ٨ ملیار دۆلار قەرزی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەتی کیێڤ دابین دەکات. هاوکات، سزای توند و بەربەستی هەناردەکردن دەسەپێنێتە سەر دامەزراوە داراییەکان، کەرتی نەوت، کانزاکان و بەرپرسانی ڕووسیا.

ئەم پڕۆژەیاسایە بە دەنگی پەرلەمانتارانی دیموکرات و پشتگیری ۱٨ ئەندامی کۆماری و یەک سەربەخۆ بە کۆی ٢٢٦ دەنگ بەرامبەر بە ١٩٥ دەنگ تێپەڕی. ئەمەش دوای ئەوە هات کە یاساکە بۆ چەندین مانگ ڕاگیرابوو، بەڵام لە ڕێگەی واژۆکردنی داواکارییەکی تایبەتەوە ناچار کران بخرێتە دەنگدانەوە.

ئۆڵگا ستیفانیشینا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمریکا، پێشوازی لەم بڕیارە کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەردەوامی پاڵپشتی هەردوو پارتی سەرەکی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی.
سەرەڕای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران، چارەنووسی ئەم یاسایە هێشتا نادیارە. بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی جێبەجێکراو، پێویستە لە ئەنجومەنی پیرانیش (سێنات) دەنگی لەسەر بدرێت. بەڵام سەرکردایەتی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران ڕایانگیاندووە کە چاوەڕێی ڕێنماییەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن و تا ئێستا ڕێگەیان بە دەنگدان لەسەر سزاکانی ڕووسیا نەداوە. تەنانەت ئەگەر لەوێش پەسەند بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن ترەمپەوە ڤیتۆ بکرێت.

ئەم ململانێیە نیشانەی درز و ناکۆکی قووڵە لە ناوخۆی پارتی کۆماری هەمبەر بە سیاسەتەکانی ترەمپ لەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە.

 

رۆیته‌رز

 

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دارایی و ئابووری دەنگی بەهاندەرانی یانەی زاخۆ دا

یاسین

کۆمپانیای ئەپڵ لاپتۆپەکی نوێی راگەیاند

یاسین

بەھای دۆلار بەرزبووەوە

سەڵاح