لە نوێترین پەرەسەندنی سەربازیدا، شەوی ڕابردوو و بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ڕووسیا یەکێک لە توندترین هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کیێڤی پایتەخت و چەند شارێکی تری ئۆکرانیا ئەنجامدا. هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی نۆ کەس و ئاگرکەوتنەوە لە خانەقایەکی مێژوویی کە تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە.
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئۆکرانیا، لە کیێڤی پایتەخت ٤ کەس کوژران و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون. هێرشەکە زیانی زۆری بە ژێرخانی وزە گەیاندووە و بەهۆیەوە کارەبای پتر لە ١٤٠ هەزار ماڵ بڕاوە. هاوکات لە شاری “خارکیڤ”، دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکە، ٥ کەسی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
یەکێک لە خاڵە هەرە جێگەی سەرنجەکانی ئەم هێرشە، پێکانی خانەقای “کیێڤ پێچێرسک لاڤرا” بوو کە شوێنەوارێکی جیهانیی تۆمارکراوە لەلایەن یونسکۆوە. ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە کاتدراڵی “دۆرمیشن” کە مێژووەکەی بۆ سەدەی ١١هەم دەگەڕێتەوە، ئاگری تێبەربووە و زیانی زۆری بەرکەوتووە. زێلێنسکی ئەمەی بە “تاوانێکی گەورەی ڕووسیا دژی کولتووری کریستیانی” ناوبرد.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ڕووسیا بە ٧٠ مووشەک و ٦١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووە. هەرچەندە بەرگری ئاسمانی توانیویەتی زۆربەیان بخاتە خوارەوە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی دەڵێن مووشەکە بالیستیکییەکان هێشتا مەترسییەکی گەورەن و تەنها ١٥ مووشەکیان لە کۆی ٣٤ مووشەک ڕاوکراون.
بەهۆی نزیکی هێرشەکان لە سنوورەکانی ئەوروپا، وڵاتی پۆڵەندا فڕۆکە جەنگییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە بەپەلە ڕێکارە یاساییەکان لە ڕێکخراوی یونسکۆ دەستپێدەکات بۆ شەرمەزارکردنی ئەم “بەربەرییەتە”ی ڕووسیا بەرامبەر شوێنەوارە مێژووییەکان.
لەلایەکی تەرەوە، ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوخۆی ڕووسیا چڕکردووەتەوە. لە شاری “تولا”ی ڕووسیا ٣ کەس بەهۆی درۆنەکانی ئۆکرانیاوە کوژران. هەروەها کیێڤ توانیویەتی دوو پردی سەرەکی کە ڕووسیا بۆ گواستنەوەی هاوکاری بۆ نیمچە دوورگەی کریما بەکاریاندەهێنێت، بکاتە ئامانج.
ئەم پەرەسەندنە توندانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا لوتکەی وڵاتانی G7 لە فەرەنسا بەڕێوەبچێت. زێلێنسکی ئاشکرای کردووە کە پێشتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە بۆ تاوتێکردنی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بەم جەنگە چوار ساڵەیە.
رۆیتهرز

