ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕایگەیاند کە دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجە چاک نابێتە سەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، و پێشبینیشی کرد کە بودجەی داهاتوو تیشک بخاتە سەر ١٠ هۆکاری سەرەکی و گرنگ.
مەزهەر محەمەد گوتی: دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت، چونکە ئەمانە خەرجیی بنەڕەتین و دەوڵەت لە ڕووی یاسایی و داراییەوە پابەندە بە دابینکردنیان.
ئاشکراشی کرد: لە ئێستادا سیاسەتی دارایی بەپێی ماددەی (١٣)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ (هەموارکراو) بەڕێوەدەچێت. ئەم ماددەیە ڕێگە بە وەزیری دارایی دەدات کە مانگانە بە ڕێژەی (
1/12
) لەسەر بنەمای خەرجییەکانی ساڵی ڕابردوو، پارە بۆ وەزارەتەکان دابین بکات تا ئەو کاتەی بودجەی نوێ پەسەند دەکرێت.
مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەدا: پڕۆژە بەردەوامەکان (المشاريع المستمرة) بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردنیان و بەپێی هەبوونی نەختینە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام دواکەوتنی بودجە ڕەنگە کار بکاتە سەر پڕۆژە نوێیەکان یان ئەو پڕۆژانەی کە پێویستیان بە تەرخانکردنی دارایی زیاترە.
ئاشکراشی کرد: دارایی عێراق لەم ساڵەدا (٢٠٢٦) ڕووبەڕووی تەحەددییەکی نائاسایی بووەتەوە بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکی و هەرێمییەکان، کە بووەتە هۆی شڵەژان لە بازاڕی وزەی جیهانی و زنجیرەی دابینکردن، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر داهاتی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی وڵاتە.
محەمەد دەڵێت: حکومەت و وەزارەتی دارایی خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ن بە دیدگایەکی چاکسازییەوە بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارە داراییەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکە. بودجەی داهاتوو تیشک دەخاتە سەر هەمەجۆرکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، پاڵپشتیکردنی فئاتە کەم دەرامەتەکان، چاکسازیی دارایی و ئیداری، و بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوە حکومییەکان (الرقمنة الحكومية) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە دەرەکییەکان.

