ئەمڕۆ دووشەممە، 05-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق کرا.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە “خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە و داوامان لە حکوومەتی فیدراڵ ئەوەیە کە ڕێز لە قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە”.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە، “هەرچی پێمان بکرێت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەیکەین و کەمتەرخەمی ناکەین”.
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی ئەنجوومەنی نوێنەران، کورتەیەکیان دەربارەی کارو پڕۆژە و ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەدا، ئامانجیان بەهێزکردنی هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پێناو هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک بۆ خزمەتکردن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق.