ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەپشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەبێت.
شێروان دووبەردانی، لە لێدوانێکدا بۆ زگرۆس ڕایگەیاند: “مەترسیی کشانەوەی هاوپەیمانان کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛ داعش هەوڵ دەدات ئەو بۆشاییە ئەمنییە قۆستەوە و خۆی دووبارە چالاک بکاتەوە.”
ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەولێر و بەغدا بە زووترین کات دەست بە ئامادەکاریی هاوبەشی ئەمنی بکەن بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە لەو ناوچانەدا.

