ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی شاری سلێمانی لە ڕێگای ئاژانسی زاگرۆسەوە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەوڵانە دەکەن کە بۆ جیاکردنەوەی شارەکە لە هەرێمی کوردستان دەدرێن، و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی کە سەرپەرشتی ئەو کەمپینەیان کردووە، وەڵامێکی توند بوو لەلایەن خەڵکەوە بۆ ڕەتکردنەوەی هەر دەستێکی خۆفرۆش کە دەیەوێت شاری سلێمانی لە قەوارەی هەرێم داببڕێت.
سەبارەت بە پرسی کۆکردنەوەی واژۆ و هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی، مامۆستا فەریق ڕەشید، ڕۆشنبیر و کەسایەتیی شاری سلێمانی، بۆ ئاژانسی زاگرۆسی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن، بەرخودان، کیمیاباران و ئەنفالی گەلی کوردە و دەستووری عێراقیش وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی دانی پێدا ناوە کە خاوەنی یاسا و دەسەڵاتی خۆیەتی، بۆیە هەوڵەکانی لەتکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی سلێمانی هەرگیز سەرناگرن. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم جۆرە هەوڵانە لە بەرژەوەندیی میللەت، شارەکە، خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی پێشمەرگەدا نییە، بەڵکوو دەکرێت سەرجەم کێشەکان بە دانیشتن و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن. مامۆستا فەریق ڕووی لەو کەسانە کرد کە دەچنە بنکەکانی واژۆکۆکردنەوە و گوتی: «بیر لەوە بکەنەوە ئەم کارە جوان نییە؛ بەمە ناڵێن کوردایەتی، بەڵکوو پێی دەڵێن دوژمنایەتی.»
هاوکات بەختیار مەلا ئەحمەد بۆ ئاژانسی زاگرۆسی ئەوەی خستە ڕوو کە خەڵکی سلێمانی بە توندی ئەو کەمپینەیان ڕەتکردەوە کە دەیانەویست شارەکە لە کوردستان جیا بکەنەوە، و ئاماژەی بەوەدا کە سلێمانی ڕۆڵێکی بەهێزی لە پاراستنی قەوارەی کوردستاندا هەبووە و بە هیچ دەستێکی ڕەش ناتوانرێت ئەم شارە لە هەرێم داببڕرێت. ناوبراو دووپاتی کردەوە: «خەڵکی سلێمانی سزای ئەوانەیان دا کە سەرپەرشتیی کەمپینەکەیان دەکرد بۆ جیاکردنەوەی شارەکە، و کەس نەچوو بە دەم کەمپینەکەوە؛ ئەمەش بوو بە وانەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەم هەوڵە بدەن.»
لە لایەکی ترەوە، دکتۆر شێرکۆ تاڵەبانی، سیاسەتمەداری دێرین، بۆ ئاژانسی زاگرۆسی ڕاگەیاند: «سلێمانی شاری مردایەتی و نیشتمانپەروەرییە و کەس ناتوانێت ئەم شارە لە کوردستان جیا بکاتەوە.» ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە هەر هەوڵێک بۆ پارچەپارچەکردنی بچووکترین بەشی کوردستان، هاوشێوەی کاری داگیرکەرانە، و ڕایگەیاند: «ئێستا ئێمە دەڵێین کوردستان چوار پارچەیە، کەچی ئەو خەڵکەی لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان بە دەستی خۆیان کوردستان دەکەن بە پێنج پارچە؛ ئەمە هەرگیز کارێکی ڕەوا و دروست نییە و لە خیانەت نزیک دەبێتەوە.»

