مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایدەگەیەنێت، کەسانی ناو کایەی حوکمڕانی و حیزبی بۆ داپۆشینی شکست و بەرژەوەندییەکانیان وێنەیەکی تۆقێنەریان لە مەسرور بارزانی دروست کردووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ناوبراو بۆ هاووڵاتییان جێگەی ترس نییە و هاتووە ترسیان بشکێنێت و ببێتە پشت و پەنایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری.
تەڵعەت تاهیر، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند: “کایەی سیاسەت و بارودۆخی حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک ناوئاخن بووە لە ترس، تۆقاندن، هەڕەشە و چاوسورکردنەوە؛ هەر کاتێک بتەوێت دەست بۆ نووسین یا قسەکردن لەسەر بابەتێک ببەیت، سەدان دێوەزمە و دایناسۆڕی تۆقێنەرت لەبەردەمدا وێنا دەکەن.”
ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە: “سەرچاوەی ئەو دێوەزمە دەستکردانە ڕەنگدانەوەی هزر و زەینی کۆمەڵێک لەبارانەبووی دەوڵەتداری و حوکمڕانی و بەرپرسی حیزبییە کە دەیانەوێت شکست و ناکارامەیی خۆیان لە دونیای گفتوگۆ و دیالۆگ و کۆمەڵایەتی و سیاسەت بەو کاراکتەرە ترسناکانە دابپۆشن و بەردەوام بن لە ڕووتاندنەوەی ئایدیایی، فیکری و سیاسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.”
تەڵعەت تاهیر ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەوان خۆیان ئەوەندە لە ترسدا دەژین دەیانەوێت ئەو ترسە گشتاندنی پێ بکەن و تاک بە تاکی کوردستانیان بگرێتەوە؛ وەک ئەوەی هەموو کەسێک تاوانبارە بە دزی و فزی و ڕیشوە و گەندەڵی. کەم نین ئەو کەسانەی بەردەوام کەسایەتییەک دەکەن بە خوای ترس و سەدان چیرۆک و ئەفسانەی بێ بنەمایان بۆ دەهۆننەوە.”
لەبارەی وێناکردنی مەسرور بارزانییەوە، تەڵعەت تاهیر گوتی: “لە ساڵانی ڕابردوو بەشێک لە هاوحیزبییەکانی کاک مەسرور بارزانی و دەرەوەی حیزبەکەی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی کەسی و گرووپی خۆیان هەوڵیانداوە جەنابیان وەک کاراکتەرێکی ترس و تۆقاندن وێنا بکەن، بە جۆرێک هەر کاتێک ناوی بەڕێزیان بێت ترس سەرتاپای هاونیشتمانیان داگیر بکات.”
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین ڕوونی کردەوە: “لە ڕاستیدا دەبێ ترستان لە کاک مەسرور بارزانی هەبێت لەبەر ئەوەی هاتووە ترسی تاک بە تاکی خەڵک بشکێنێت، کە لەبەر قسە و وتار و کرداری ئەو گرووپە خەڵک نەدەوێرا بدوێت و بە ترسەوە باسی ناعەدالەتی و دادی کۆمەڵایەتی دەکرد.”
لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، تەڵعەت تاهیر گوتی: “کاک مەسرور ترسناکە نەک بۆ تاک، نەک بۆ خەڵک و هاونیشتمانی خێر لەخۆنەدیوی کۆمەڵگای کوردستان، بەڵکوو ترسناکە بۆ ئەوانەی سەرچاوەی گشتاندنی ئەو ترسەن. کەواتە وەرن و هەرچییەکمان هەیە بۆ کاک مەسروری باس بکەین؛ ئاخر ئەو هاتووە ترسمان بشکێنێت و پشت و پەنایە و جورئەتی ئەوەمان پێدەبەخشێت باس لە گەندەڵکاران و نادادپەروەری بکەین.”

