ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆک بارزانی: پارتی بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان دروست بووە

 

سەرۆک بارزانی لە یادی 78مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا ڕایگەیاند، پارتی بۆ ڕزگاریی گەلی كوردستان و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دروست بووە، بۆ ئەوە دامەزراوە خەڵكی كوردستان سەرفیراز بن و پارێزراو بن.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی، لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان؛

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و هیوای سەربەرزی و خۆشیان بۆ دەخوازم.

دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتە سەختانەی هەموو هەوڵی نەیار و داگیركارانی كوردستان ئەوە بوو شۆڕش و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان سەركوت و خامۆش بكەن. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستە ئامرازێك بووە لەدەستی خەڵكی كوردستان بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان.

لە حەفتا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا جەخت لەوە دەكەمەوە، پارتی بۆ ڕزگاریی گەلی كوردستان و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دروست بووە، بۆ ئەوە دامەزراوە خەڵكی كوردستان سەرفیراز بن و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان هەردەم پارێزراو و بەهێز بێت. بۆیە دەبێ هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژوو و قوربانیدانی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و بەهێزكردنی كوردستانە. هەموو لایەك بە دۆست و نەیارانی گەلی كوردستان ئەو ڕاستیە دەزانن كە چەندە پارتی بەهێز بێت ئەوەندەش كوردستان بەهێزە.

مسعود بارزانی
16ی ئابی 2024

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی فیلیپین لە عێراق دەکات

سەڵاح

رێكارە یاساییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری مادەی 140 دەست پێدەكات

سەڵاح

کورتهێنانی کارەبا لە ئێران کێشەی ناوەتەوە

سەڵاح