ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەسرور بارزانی : دەتوانم بڵێم، ئێستا ئێمە لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستی گۆڕانکاری و چاکسازین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکوومەت ناوە”. دەشڵێت، “ئێستا سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان “لە جاران بەهێزتر و کاراترە”.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە کە بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بەڕێوە دەچێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، هیواشی خواست پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس “ببێتە دەرفەتێك بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی زیاترمان بە بازاڕ و جیهانی تەکنەلۆجیا”.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی “بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکوومەت و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پێناو بەرزکردنەوە و خێراترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگریی لە بیرۆکراسی و هەدەردانی سامانی گشتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بووە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە “یەکێک لە فەرمانگە هەرە چالاکەکان” ناوبرد و گوتی: کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز و پێشكەوتووی دیجتیاڵی دەکات.

وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد “لە ماوەی ڕابردوودا ستراتیجیی وەچەرخانی دیجیتاڵیمان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە بە ئامانجی هێنانە کایەی حکوومەتێکی سەردەمییانەی دیجیتاڵی کە پرۆسەی گەشەندنی ئابووریمان، فراوانتر و خێراتر بکات، بە جۆرێک هاووڵاتییان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگی هەبوونی سیستەمێکی بەهێز، کاریگەر و چالاکیی بانکی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: لەم ڕوانگەوە دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازیی لە سیستەمی بانکی کرد لە پێناو بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی ئابووریی دیجیتاڵیی هاوچەرخ و بەهێز کە بتوانێت هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: دەتوانم بڵێم، ئێستا ئێمە لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستی گۆڕانکاری و چاکسازین لە ڕووی تەکنەلۆجیا و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە بانکی و داراییەکان کە زیاتر هانی بازرگان و وەبەرهێنەران دەدات لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان، بۆ ئەوەی بە مەبەستی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەردی بناخەی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە ناحیەی قەسرێ دانرا

یاسین

نووری مالیکی داوا لە موقتەدا سەدر دەکات بێتەوە ناو کاری سیاسی

یاسین

خولە بەهێزەکان.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە

sirwan