ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ڕێژەی بەشداریکردن زۆر باشه‌..تا ئێستا شوێنى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان دیارى نه‌كراوه‌

ئەمڕۆ یەکشەممە 20 ئۆكتۆبه‌رى 2024، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان میکانیزم و وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە لە سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگداندا، بەشداریکردنێکی باش هەبووە و ژمارەی دەنگدەرانیش گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 600 هەزار لە ٤ بازنه‌ى هەڵبژاردن، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستەی کۆمیسیاران، تا ئێستا شوێنی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی دیاری نەکردووە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: “لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامە بەراییەکان بۆ دەنگدانى تایبەت و گشتی ڕادەگەیەنرێت و ئەو ئه‌نجامانه‌ بەرایین و ناتوانرێت تانەیان لێبدرێت.

سەبارەت بەو شوێنەی کە ئەنجامەکانی تێدا ڕادەگەیەنرێت، گوته‌بێژه‌كه‌ ڕوونیکردەوە، “دەستەی کۆمسیاران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەنجامەکان لە کوێ ڕادەگەیەنرێن، له‌ بەغدا ده‌بێت، یان هەرێم”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکان، دەستەی کۆمیسیاران دەستدەکات بە بڕیاردان لەسەر سکاڵاکان، دوای ئەوە دەبێت دەنگەکان بژمێردرێن و کورسییەکان بەسەر لایەنەکان و هاوپەیمانییەکان و کاندیدەکاندا دابەش بکات، کە ئەمەش پرۆسەیەکی درێژخایەنی ژماردنى بیرکارییە. دواتر ئەنجامە کۆتاییەکان ڕادەگەیەنرێت، پاشان پرۆسەی تانەدانەکان ڕادەگەیەنرێت، جا چ لە دەزگای دادوەری بێت یان لە فەرمانگەکانی کۆمسیۆن و دوای بڕیاردان لەسەر تانەدانەکان، ئەنجوومەن ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەنێت”.

باسى لەوەش کرد، “ژمارەی دەنگدەران گەیشتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 600 هەزار دەنگدەر لە 4 بازنه‌ى هەڵبژاردن”، هه‌روه‌ها گوتیشی “کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان گرنگییەکی زۆری بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچووان داوە بۆ ئەوەی به‌ ئاسانی بچنە ناو وێستگەکانەوە و دەنگەکانیان بدەن، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا بەشدارییەکی باش هەبوو”.

دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، کە 2 ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەر بەسەر چوار بازنه‌ى هەڵبژاردنی سەر بە چوار پارێزگاری هەرێمی کوردستان دابەش کراون: “هەولێر، سلێمانی، دهوک، و هەڵەبجە. ”.

لە هەولێری پایتەخت، کۆی گشتیی دەنگدەران 933 هەزار و 115 کەسە، کە لە 560 ناوەندی هەڵبژاردن دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی کاندیدی دڵخوازی خۆیان لە نێوان 395 کاندید هەڵبژێرن، کە 118 کاندیدیان ئافره‌تن.

لە پارێزگاى سلێمانی، (1,008,412) دەنگدەر هەن، کە بەسەر 548 بنکەی دەنگدان دابەش کراون، بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانیان لەنێو 518 کاندید کە 163 کاندیدیان لە ڕەگەزی مێ و 355 کەسیان لە ڕەگەزی نێرن.

سەبارەت بە پارێزگاى دهوکیش 682 هەزار و 791 دەنگدەر هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش 297 بنکەی دەنگدان كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ سنووره‌كه‌ 227 کاندید لەخۆدەگرێت کە ٦٦ کەسیان لە ڕەگەزی مێ و ١٦٠ کەسیان لە ڕەگەزی نێرن.

هاوكات له‌ پارێزگاى هەڵەبجە 59 هەزار و 300 دەنگدەر هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش 28 بنکەی دەنگدان دانراون، سنووره‌كه‌ 54 کاندیدی هەیە کە 22یان لە ڕەگەزی مێن و ئەوانی تریش لە ڕەگەزی نێرن.

بۆ یەکەمجار لەماوەی سێ دەیە گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردندا ڕوویدا و دواتر هەرێمی کوردستان دابەشکرا بەسەر چوار بازنه‌ى هەڵبژاردندا، کورسییەکانی پەرلەمانیش بەسەر چوار بازنه‌كه‌دا بەم شێوەیە دابەشکرا: هەولێر (34 کورسی)، لەنێویاندا کورسییەک بۆ پێکهاتەی مەسیحی و یەک کورسی بۆ تورکمان – سلێمانی (٣٨ کورسی)، لەنێویاندا یەک کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و یەک کورسی بۆ تورکمان – دهۆك (٢٥ کورسی)، لەنێویاندا یەک کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و هەڵەبجە (٣ کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان.

دەنگدەران بەپێی سیستەمی لیستی نیمچە کراوە دەنگدەدەن، کە دەنگدەران دەتوانن قەوارەی دڵخواز و کاندیدی خۆیان لە لیستەکەدا هەڵبژێرن بە دیاریکردنی ناو یان هێماکەی لەسەر کاغەزی دەنگدان هەروەها سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی لە هەڵبژاردنی براوەکانی هەڵبژاردنەکان، و پەیوەستە بە بەکارهێنانی ڕێژە و شێوازی ڕێژەیی لە نێوان ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانی بەدەست هاتووی لایەنە سیاسییە کێبڕکێکارەکان.

کۆی گشتی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەزار و 190 کاندیدە، کە بەسەر دوو هاوپەیمانی و 13 حزب و 85 کەسی سەربەخۆدا دابەشکراون، ئەمە جگە لە 39 کاندیدی پێكهاته‌كان و كۆی گشتیی لیستى هه‌ڵبژاردن بریتییه‌ له‌ 139 لیست.

کۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان 100 کورسییە. 95 کورسی گشتیین و 5 کورسی بۆ پشکی پێكهاته‌كان تەرخانکراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات

یاسین

پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

یاسین

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ ئاماده‌ی رێوڕه‌سمی كۆتایی دووه‌م خولی رۆشنبیریی ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌ی زێڕه‌ڤانیی بوو

دڵشاد