لەسەر داوای سەرۆک بارزانی داهاتی دوو لە کتێبە بەناوبانگەکانی بە ناوەکانی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، بۆ مێژوو، بە منداڵە بێ باوکەکان دەبەخشرێت.
داهاتی بەرگی شەشەمی کتێبە بەناوبانگەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)، کە یەکێکە لە زنجیرە کتێبە مێژووییەکان، ئەم کتێبە خەرمانی بیری ئەزمونێکی زێڕینە کە خۆی لەناو جەرگەی ڕووداوەکان بووە، یاداشتنامەی ڕۆژانەی سەرۆکێکە کە ورد و درشت هەرچی بینیووە لای خۆی یاداشتی کردووە و بە ئەمانەتەوە بۆ نەوەکانی گواستووەتەوە، لەگەڵ کتێبی (بۆ مێژوو)، بۆ منداڵانی بێ باوک دەبێت.
سەرۆک بارزانی سێ هەزار دانەی لەم کتێبە بەخشیووە بە دەزگای خێرخوازی بارزانی، فەرمانی کردووە، داهاتی ئەم کتێبە و کتێبێکی دیکەی بەناوی (بۆ مێژوو)، بە منداڵانی بێ باوک بەبێ جیاوازی ببەخشرێت. واتا داهاتی فرۆشتنی ئەم کتێبە تەنیا و تەنیا بۆ کاری خێرخوازییە.
دەزگای خێرخوازی بارزانی بەو پڕۆژە گرنگە هەڵساوە، نرخێکی گونجاویان بۆ داناوە، بەسەر هەموو کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستانیان دابەشکردووە.
ناوەرۆکی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد باسی چی دەکات؟
لەماوەی نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2016 چەندین ڕووداوی گرنگ ڕوویاندا، بە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس ئەو قۆناغە دەستپێدەکات، سەرۆک بارزانی چەندین وێستگەی گرنگی ڕووداوەکانی ئەم قۆناغەی ڕۆژانە تۆماری کردوون باسی کردوون، دواتر باسی ڕۆڵی کورد دەکات لە عێراقی نوێ. باسی یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ پۆل بریمەری حاکمی ئەوسای عێراق دەکات. لەم قۆناغەدا سەرۆک بارزانی باسی ئەو ماوەیەش دەکات کە سەرۆکی ئەنجومەنی حوکم بووە.
لە بەشەکانی دیکە، باسی دامەزراندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کرانەوەی کوردستان و عێراق بەڕووی جیهان دەکات.
بەخوێندنەوەی ئەم کتێبە بە وردی تۆ ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانی ئەو 13 ساڵە دەبیت. ئەم کتێبە لەبنەڕەتدا سەرۆک بارزانی بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، بەڵام لەلایەن لیژنەیەکەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە، ئەم کتێبە بۆ هەریەکە لە زمانەکانی ئینگیلیزی، فەرەنسی، فارسی، تورکی و چەندان زمانی دیکەش وەڕگێڕراوە.