ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

شاخەوان عەبدوڵا هەواڵ و موژدە خۆشەکەی راگەیاند

پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان كە مانگی رابردوو لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسندكرابوو، ئەمڕۆ سێشەممە دوایین قۆناغەكانی بەڕێ كرد و ئیتر لەم رۆژەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

رۆژی 21ی 1ی 2025 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سێ پڕۆژەیاسای گرینگی پەسند كرد، یەكێك لە پڕۆژەیاساكان گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە بوو.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند “سوپاس بۆ خودا پرۆژەیاسای گەڕانەوەی زەوییەکان و پووچەڵکردنەوەی بریارەکانی حزبی بەعس دواین قۆناغی بڕی و لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو کرایەوە”.

راشیگەیاند: بەو پێیەی ئەمڕۆ پڕۆژەیاساكە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوكرایەوە، پڕۆژەیاساکە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە .

بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە بەشێكی زۆری كێشە و گرفتەكانی جوتیارانی كورد لە سنووری كەركووك و گەرمیان و ناوچەكانی دیكەی ماددەی 140ی دەستوور چارەسەر دەبن و زەوییەكانیان دەگەڕێنەوە ژێر دەستی خاوەنە رەسەنەكانیان كە جوتیارانی كوردن.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا جوتیارانی كورد لە سنووری پارێزگای كەركووك و ناوچەكانی دیكەش بەردەوام لەلایەن عەرەبە هاوردەكان و سوپای عێراقەوە كێشەیان بۆ دروست دەكرا و رێگرییان لێ دەكرا لەسەر زەوییەكانیان جوتیاری بكەن، دوایین جاریش دوێنێ دووشەممە بوو كە سوپای عێراق رێگری لە جوتیارانی كوردی گوندی شەناغە و چەند گوندێكی دیكەی دەوروبەری كرد زەوییەكانیان بكێڵن و بەهۆیەوە گرژی و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان جوتیارە كوردەكان و ئەندامانی سوپای عێراق دروستبوو.

وێنە: رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوكرایەوە:-

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

یاسین

راگەیندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە

یاسین

چامپیۆنزلیگ.. بایرن گۆڵبارانی دینامۆ زگرێب کرد و بە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو شکستی پێهێنا

یاسین