zagros news agency

پەیامی سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی حزبە کوردییەکان لە قامشلۆ

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

خوشک و برایانی خۆشەویست
ئامادەبوانی بەڕێز..
زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرینگەدا سڵاوى خۆم بە ئێوەى بەڕێز و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگەێنم.
ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی کورد و دەستەبەربوونی دیدێکی یەکگرتوو و هاوبەش لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەلی كورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات و هەروەها ببێتە هۆی بەشداریتان لە داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت کە دەستخۆشی لەو هەوڵانەی بەڕێز مەزلوم عەبدی و یەك بە یەكی ئێوەى خۆشەویست بکەم لە ڕێخۆشكردن و ئامادەكاری بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسەدا، هیوادارین هەمووتان لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە نێوان ڕیزەکانى گەلەکەماندا.

ئاشكرایە گەلی کورد لە سوریا دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانى بێبەشبوون و نكۆڵی و چەوساندنەوە دەناڵێنێت. ئەمڕۆ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە سوریا و ناوچەکەدا ڕوویان داوە و لە داهاتووشدا ڕوو دەدەن، دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەكەمان هاتۆتە ئارا و ئێوە بەرپرسیاریەتێکى مێژوویى گرانتان لە ئەستۆدایە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و داڕشتنی پرۆژەیەکی هەمەلایەنەى گونجاو کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو و ئازاد و دیموکراسیدا.

لەبەر ڕۆشنایی تەحەددیاتی ئێستاى ناوچەکەمان، گرنگیی خەباتی دیموکراسیی و ئاشتیانە وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان بەدیار دەكەوێت. لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی ئەمڕۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان زۆر لە جاران گرنگترە و ئەنجامی باشتریشی لێ دەكەوێتەوە.
ئێوەى بەڕێز زۆر باش ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییە بەرچاوەکانی شەڕ و توندوتیژی لەسەر گەلی سوریا بوون، کە بووە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و شێوانی شیرازەی ژیان و بەهێزبوونی مەترسیەكانی توندڕۆیی و تایفەگەری و تیرۆر.

هەربۆیە ئێمە پشتگیری لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێى دیموکراسیی و فرەیی و یەکسان دەکەین کە تیایدا مافەکانی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە مسۆگەر بکرێت و ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت نەمێنێت. هەروەها پشتیوانی لە داڕشتنی دەستوورێک دەكەین کە گەرەنتی ئەم پرەنسیپانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵات مسۆگەر بكات و بپارێزێت، ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ هەموو سوورییەکان، کە گەرەنتی مافە مەدەنی و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو هاووڵاتییان بکات.

بەڕێزان دەمەوێ دووپات بكەمەوە كە یەکگرتوویی کورد و بنیاتنانی پێگەیەکی هاوبەش دەروازەی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە سووریا. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردیی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دمشق، هەنگاوێکی پێویستە بەرەو هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کاریگەرانە لە پڕۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.

هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی پتەوکردن و چەسپاندنی پەیوەندیی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێكهاتەكانی تری گەلی سوریاى دراوسێمان دەکەینەوە. چەسپاندنی ئاشتی مەدەنی و پشتیوانیکردن لە کولتوری لێبوردەیی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سوریا لەسەر بناغەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکتر و هاوڵاتیبوونی یەکسان دادەمەزرێ كە بنچینەى سەرەکین بۆ بنیادنانى وڵاتێکى سەقامگیر و ئارام بۆ هەمووان.

لە کۆتاییدا داواى سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەکەم و هیوادارم دەرئەنجامەکانى ببنە مایەى بەهێزترکردنی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و لە ئاستى ئازار و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورد بێت. پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانج لێی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردنبێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.
هەر سەركەوتوو بن و بمێنن لە خێر و خۆشیدا..

مەسعود بارزانی
هەولێر
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار

رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ی مامۆستایان دیاری كرا

سەڵاح

هێزەکانی ئاسایشی سووریا قەدەغەی هاتووچۆیان لە حومس درێژ کردەوە

سەڵاح

ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە پەیوەندی بە ئێرانەوە بگرێت

یاسین