جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ئاماژە بەهێرشە درۆنیەکان دەکات بۆ سەر کوردستان و بەمەترسیان دەزانێت.
مونا قەهوەچی بۆ زاگرۆس گوتی: بەردەوامی هێرشە میلیشاکان بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکانی سنوری هەرێمی کوردستان و لێدان لە پێگەی ئابوری و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو ئەقڵیەتیەی کە بەرنامە و هەوڵیان نەمانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانە، سەرچاوەی ئەو هێرشانە لە هەرکوێیەک بێت پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنهماكانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سهقامگیرییه له ناوخۆی وڵاتدا، بۆیە لەسەر حكومهتی عیراق پێویستە هەرچی زووە سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنێت و کۆتاییان پێ بهێنێت چونکە لە دواجاردا زیان بە ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت و ژێرخانی ئابووری و سامانی سروشتی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و کۆمپانیا ناوخۆ و بیانیەکان هەڵوێست و کاردانەوەیان دەبێت و لە ئەنجامیشدا هەموو لایەک زەرەرمەند دەبن.
گوتیشی: لە کاتێکدا کە گفتوگۆیەکانی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی و پرسی مووچەی فەرمانبەران بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لە رێکەوتنی کۆتایی نزیکن، ناکرێت رێگە بدرێت هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت و ببێتە زیاتر قووڵبونەوەی کێشەکان و سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکی سیاسی نوێ، پێویستە حکومەتی عێراق بە دەوری سەرەکی خۆی هەڵسێت و رێبگریت لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە کە دەبنە خاڵی بێمتمانەیی و زیادبوونی کێشەکان و تێکدانی رەوشی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان.

