ئەم پڕۆژەیە، پرۆژەیەكی دیكەی ستراتیژیی كابینەی نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بودجەی خەمڵێندراو بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پرۆژەی ستراتیژی گواستنەوەی ئاوی دووكان – سلێمانی 293 ملیۆن دۆلارە.
پرۆژەکە لە دوو هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی ئاو پێکهاتووە کە درێژیی هەریەکێکیان 61 کیلۆمەترە و کۆی درێژیی هەردوو بۆرییەکە دەگاتە سەرووی 120 کیلۆمەتر، تیرەی هەر بۆرییەک مەترێک و چل سانتیمەترە و ئاو دەگەیەنێتە سێ وێستگەی سەرەکی لە سلێمانی.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، پرۆژەکە لە کاتژمێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن دەپاڵێوێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ سلێمانی دابین دەکات. بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە، کێشەی بێئاویی 20 گەڕەکی شاری سلێمانی چارەسەر دەبێت و نزیکەی یەک ملیۆن کەس لێ سوودمەند دەبن.

