zagros news agency

غازی حه‌سه‌ن بۆ زاگرۆس: ئەمەریکا هێزەکانی لە (عەین ئەسەد) بەرەو هەولێر دەکشێنتەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە

سیاسه‌تمه‌دارێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ لەم ماوەیە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ پێچەوانی چەند ساڵی ڕابردوو بە ئاشکرا و ڕوونی بەعێراق و بەرپرسانی یەکەمی راگەیاندووە، دەبێت پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی لەپەرلەمانی عێراق ڕابگرن و نابێت تێپەڕێت، چونکە ئەمەریکییەکان پێیان وایە ئەم یاسایە دەسەڵاتێکی ڕەها بە حەشد دەدات، لوبنانێکی دیکە بەفەرمی دروست دەکات.
غازی حه‌سه‌ن بۆ ئاژانسی زاگرۆسی گوتی: “ئەوان تازە لە کێشەی حزبوڵا و حکوومەتی ئەسەد لە سوریا دەرباز بوون. لەکاتێکدا ئەمەریکا و ئیسرائیل لەم ماوەیەدا سەرکەوتنێکی مێژوویی گەورەیان بۆ لێدان و نەهێشتنی پاشکۆ و هێزەکانی سەر بە ئێران لە لوبنان و سوریا و فەلەستین بەدەستهێناوە، بۆیە هیچ لۆژیکێک بڕوا بەوە ناکات، سەر لەنوێ ڕێگە بدەن شەرعیەت بە هێزێک و گروپە چەکدارە میلیشیاکانی سە ر بە ئێران بدەن. ئەمەریکا بەپێی یاسای ململانێ و لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران لەناوچەکە بە تووندی دژی ئەم هەنگاوە دەوەستێتەوە، سەرەتا بە فشاری دیپلۆماسی و پەیوەندییەوە ئەمە دەکەن، ئەگەر عێراق ئەمەی قبووڵ نەکرد، دوور نییە هێزی سەربازی بۆ لێدانی ئەم گروپانە و سەرکردەکانیان بەکار بهێنن.
راشیگه‌یاند: زۆر لە زانارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کات و سەردەمی تەقینەوەیەکی تووند، سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ لە عێراق بەڕێوەیە. پێداگری هێزە سیاسییە شیعییەکان، ئاگری ناکۆکییەکان خؤشتر دەکات. بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستم کەوتن، ئەمەریکا هێزەکانی لە بنکەی (عەین ئەسەد) بەرەو هەولێر دەکشێنێتەوە، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ پتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە. من بەدووری نابینم ئەمەریکا پڕۆژە یاسای (ڕزگارکردنی عیراق) کە دوو کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان پێشکەشی کۆنگرێسیان کردووە، تێپەڕینن لەپێناو دەرهێنانی عێراق لەژێر هەژموون و دەسەڵات و پاشکۆیەتی ئێران.
ده‌شڵێت: “لەبیری نەکەین ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لە دواین رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان عێراق و ئێران، لەکاتێکدا داوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکاو کۆتایی پێهێنانی ڕێککەوتنی ستراتیژی دەکەن، لەهەمان کاتدا لەگەڵ ئێرانیش ڕێککەوتنی نوێ مۆر دەکەن و بەپێی ئەم رێککەوتنە نوێیە بە فەرمی دەسەڵات بە ئێران دەدەن سوپاکەی لەنێو عێراق بەناوی پاراستنی دۆخی ئەمنی بەکار بهێنێت و سەردانەکەی لاریجانیش کارەساتێکی دیکەی بۆ عێراق و لوبنان و سوریا بەدواوەیە. ئەم ڕوودواو و جووڵە دیپلۆماسی و سیاسیانەی لە ناوچەکە هەیە، ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی گرژی پتر، بۆیە وەکوو دەبینین دەسەڵاتدارانی عیراق هەنووکە دژی ڕەشابەکە دەڕۆن، نەک بیرکردنەوە لە خۆ گونجاندن و ڕزگارکردنی عیراق لە کێشە و قەیرانە جددییەکانی.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەسوکاری کوژراوانی ئەمەریکا داوادەکەن لێپرسینەوە لە ئیسرائیل بکرێت

سەڵاح

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و شا عەبدولڵا هەماهەنگیی هاوبەشیان بۆ پاراستنى سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کرد

یاسین

بە گوژمەی 224 ملیۆن دینار دەست بە دانانى سیستەمى فێنککەرەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنى ڕۆژئاوا كرا

یاسین