ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم چەند مەرجێکمان هەیە
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم، بە چەند مەرجێک.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەن بڕیاریدا بە نوێکردنەوەی بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بۆ دابینکردنی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شەش.
دەشڵێت، ئەم بڕیارە بەم چەند مەرجەی خوارەوە جێبەجێدەکرێت:
1- ئەو لیژنانەی کە لە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم)ـی بڕیارنامەی پێشوودا دیاریکراون، کارەکانیان تەواودەکەن، بەمەرجێک هەریەکەیان لە ماوەی هەفتەیەکدا، راپۆرتی کۆتایی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.
2- ئەو تیمەی لە بڕگەی دووەمدا پێکهێندراوە، لە ماوەی یەک هەفتەدا کارەکانی تەواو دەکات بۆ هەژمارکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بەپێی یاسا، هەروەها حکومەتی هەرێم لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی دوو/1ی بڕیارنامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بیدات؛ بەمەرجێک میکانیزمی هەژمارکردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دەستەی وردبینیی باڵای فیدراڵی پەسەندکرابێت.
3- حکومەتی هەرێم ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەنددەکات بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو، بەپێی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیارنامەی (550)ـی ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی 2025.

