ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.10.30، لە ژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى مەریوان حاكم هادی، بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ڕابەر شێرە، بەڕێوەبەری ناحیەی ڕزگاری و ڕێبین عەونی، سەرۆکی شارەوانی سێبیران، لە ڕێورەسمێکدا بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی نزیكەی هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانى کۆمەڵگای سێبیران سەربە ناحییەی ڕزگاری.
لە رێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە فەرمانبەران، دەستخۆشی لە بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى ئاوەدانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى، خۆشحاڵی خۆشی بە قۆناغێكی تری دابەشکردنی زەوی نیشاندا، كە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك پاڵپشتی و پاداشتێك بۆ خۆڕاگریی فەرمانبەران بڕیاری دابەشكردنی زەویی دراوە.
سوپاسی وەزیری شارەوانیشی کرد، کە دوای بڕیاری سەرۆکی حکومەت، لە ماوەیەکى زۆر نزیکدا دەست بەو ڕێکارانەکرا کە پێویست بوون بۆ دانانی نەخشەی کەرتی و دروستکردنی زەوی نیشتەجێبوون، گوتیشی، پرۆسەى دابەشکردنى زەویش بۆ ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی كە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە بەردەوامى دەبێت.
پارێزگاری هەولێر، هەروەها بەناوی فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەولێر سوپاسی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی، بەدڵنیایەوە فەرمانبەران زۆر بە باشی لەو زەویانە کە بە نەخشەیەکی سەردەمیانە و دیزاینێکی نوێ دەستنیشانکراوە لێی سوودمەند دەبن.
جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، هەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگەیەک و كارمەندێكی ناوخۆ كە هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.

