zagros news agency

یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی بڕیاری لێخۆشبوون و داشکاندنی رسووماتی راگەیاند

یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ لێخۆشبوون و داشکاندنی رسووماتی بازرگانان و پیشەسازان دەرکرد، بڕیارەکان لە پێناو پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەتە و لە سبەی دووشەممەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دووەمی خولی نوێی یەکێتییەکەی راگەیاند.

کێ دەگرێتەوە؟
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، گۆڕانکاری لە شێوازی وەرگرتنی رسووماتی ساڵانی رابردوو کراوە بەم شێوەیە:

بڕیاردرا تەنیا رسووماتی ساڵانی (2025 و 2026) لە بازرگانان وەربگیرێت و لە رسووماتی ساڵانی پێشووتر خۆش دەبن.

هەر بازرگانێک تەنیا ساڵی 2025 قەرزدار بێت، لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت و تەنیا پێویستە رسووماتی ساڵی 2026 بدات.

ئەم بڕیارە سەرجەم جۆرەکانی ناسنامەی بازرگانی دەگرێتەوە، تەنیا جۆری (دەڵاڵی) نەبێت کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا دیراسە بکرێت.

ماوەی جێبەجێکردن
گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانە و لە رێککەوتی 1ـی حوزەیرانی 2026 تاوەکو 30ـی تشرینی دووەمی 2026 کاری پێدەکرێت.

رێنماییە نوێیەکانی ناسنامەی بازرگانی
یەکێتیی ژوورەکان چەند مەرجێکی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی ئەندامێتی و ناسنامەکان داناوە:

هەر ناسنامەیەکی بازرگانی 4 ساڵ بەسەردا تێپەڕێت و خاوەنەکەی نوێی نەکاتەوە یان داوای هەڵوەشاندنەوەی نەکردبێت، تۆمارەکەی دەسڕێتەوە (تەرقین دەکرێت).

لە کاتی داواکردنی ناسنامەی نوێ، دەبێت خاوەنەکەی گشت قەرزە کۆنەکانی تاوەکو رۆژی داواکارییەکە بژێرێت.

هەر کەسێک ناسنامەکەی تەرقین کرابێت، بۆی نییە تاوەکو یەک ساڵ داوای ناسنامەی نوێ بکاتەوە.

لە دوای ئەم ماوەی لێخۆشبوونە، هەر بازرگانێک 4 ساڵ بەسەر ناسنامەکەیدا تێپەڕێت و نوێی نەکاتەوە، مافی ئەندامێتی نامێنێت.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، هەریەک لە حاجی ئیسماعیل سورچی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و شڤان عەبدولڕەحمان، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی ژوورەکان ئامادەبوون و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ سووککردنی بارگرانی دارایی سەر شانی بازرگانانە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتی كۆتایی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر (2050) ئامادە دەكرێت

دڵشاد

بە وێنە… ١٠٠ هەزار گوڵی جۆراوجۆر لە ناوەڕاستی شەقامەكانی دهۆك دەچێنرێت

سەڵاح

وەزارەتی تەندروستی: سەنتەری چارەسەری نەخۆشی شەكرە و ڕژێنە دەرەقییەكان لە دهۆك كرایەوە

سەڵاح