zagros news agency

گەشتوگوزار.. پردی پەیوەندیی نێوان کولتوورە جیاوازەکان

ئەمڕۆ ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سی و شەشەمین ئەڵقەی “بازنەی گفتوگۆ” بە ناونیشانی “گەشتوگوزار.. پردی پەیوەندیی نێوان کولتوورە جیاوازەکان”، لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.
لەم گفتوگۆیەدا کە بەڕێزان: “د. محەمەد شوکری، هادی عەبدولقادر، د. هەتاو کەریم خدر، د. ئارام عیزەدین، سەرکار سەبغەتوڵا، نەریمان گەردی، عەبدولڕەزاق نهێلی، نادر ڕۆستی، چیا ئەمین (بە سکایپ)، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ: شڤان حەمدی، پ. د. نەزاکەت حسێن، د. جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” ئامادە بوون، لە دەستپێکدا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە نمایش کرا کە بازنەی گفتوگۆ لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان لەگەڵ خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان و کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند ئامادەی کردبوو، پاشان زۆر بە چڕ و وردی گفتوگۆ لەسەر تەواوی سێکتەرە جیاوازەکانی کەرتی گەشتیاری کرا.
لەم گفتوگۆیەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە سێکتەری گەشتیاری یەکێک بووە لەو سێکتەرانەی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر گەورەی پێ دراوە و چەندین پڕۆژەی گەشتیاری بۆ وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێ دراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانیی زۆر باشی پێشکەشی وەبەرهێنەرانی کەرتی گەشتیاری کردووە. لەلایەکی دیکەوە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، ئەو پڕۆژانەی ڕێگەوبان کە لە کابینەی نۆیەمدا جێبەجێ کران، فاکتەرێکی دیکە بوون بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاریی کوردستان هەنگاوی زۆر باش بچێتە پێشەوە.
سەبارەت بەوەی تا چەند فراوانبوونی کەرتی گەشتیاری بووەتە هۆکارێک بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی ئامادەییەکانی گەشتوگوزار و بەشەکانی گەشتیاری لە پەیمانگە و کۆلێژەکان و گەنجانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی، لەم لایەنەوە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە گەنجانی کوردستان، بەتایبەتی کچان و ئافرەتان، بەهۆی کاریگەریی دابونەریت ناخوازن لە کەرتی گەشتیاری کار بکەن، پیاوانیش ئەگەر ناچار نەبن حەز ناکەن لە پڕۆژەکانی گەشتیاری کار بکەن، بۆیە خاوەن پڕۆژەکانی گەشتیاری ناچار دەبن پەنا بۆ دەستی کاری بیانی بەرن. لەم چوارچێوەیەدا پێشنیاری ئەوە خرایە ڕوو کە بۆ دەرچووانی گەشتیاری لە قۆناغی ئامادەیی و بەشەکانی پەیمانگە و کۆلێژەکان، لە ڕێگەی بەرنامەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە میکانیزمێک لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەشتیاری دابنرێت بۆ ئەوەی دەرچووانی بەشەکانی گەشتیاری وەک ڕێبەری گەشتیاری لەگەڵ کۆمپانیاکان کار بکەن و لە گەشتەکاندا لەگەڵ گەشتیاران بن و زانیاری لەسەر شوێنە گەشتیارییەكان بە گەشتیاران بدەن.
جێگەی ئاماژەپێکردنە، ڕاپۆرتی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەکرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچیرڤان بارزانی: با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی

سەڵاح

ئۆکراینا ناوچەی زیاتری لە ژێر دەستی ڕووسیا ڕزگار کرد

یاسین

ڕەخنە و کاردانەوەکان لە نێوان لوبنان و ئێران لەبارەی ڕۆڵی حزبوڵڵا قوڵتر دەبنەوە

یاسین