zagros news agency

زانا مەلا خالید: پەیامەكەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی نەخشەڕێگەیەكی نیشتمانییە بۆ چارەسەركردنی گرێكوێرەی پۆستی سەركۆمار

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی ڕایدەگەیەنێت، كە یەكێتی بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەركۆماری عێراق ئامادەن هەموو قەیرانێكی سیاسی دروست بكەن.

زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: “پەیامەكەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی نەخشەڕێگەیەكی نیشتمانییە بۆ چارەسەركردنی گرێكوێرەی پۆستی سەركۆمار. هەموو لایەک باش دەزانن سەرچاوەی ئەو كێشەیە حەز و ئارەزووی برادەرانی یەكێتییە كە ئەو پۆستە بە تاپۆ و موڵكی تایبەتیی حزبەكەیان دەزانن و هەموو جارێک بۆ بەدەستهێنانەوەی ئامادەن هەموو جۆرە قەیرانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بخوڵقێنن و ئاستەنگ بۆ پڕۆسەی سیاسیی دروست بكەن.”

ئەوەش دەخاتە ڕوو، “جێگەی داخە برادەرانی یەكێتی حەز و ویستی حزبیی خۆیان لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان دەزانن و قەناعەتیان بەوە نییە كە سەركۆمار پشكی كوردە. لەوەش زیاتر پێیان وایە كە پۆستەكانی هەرێم و سەركۆمار پێكەوە بەستراون، دەمڕاست و قسەبێژەكانیان دەڵێن ئەگەر پارتی بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنیش پۆستە سیادییەكانی هەرێمی بەركەوێت ئەوە دەبێت لەبەرانبەردا پۆستی سەركۆمار بۆ یەكێتی بێت و پۆستەکانی هەرێم و بەغدا بە یەک پاکیج دەزانن.”

بەرپرسی لقی 2ـی پارتی ڕوونیشی دەكاتەوە، “هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی عێراق دوو بابەتی جیاوازن. ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی هەرێم تەعبیرە لە ویست و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بۆ حكوومڕانیی هەرێم و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، دەنگی خەڵكی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراقیش بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵكی كوردستانە لە بەغدا و لە دامودەزگاكانی عێراق. تێكەڵكردنی ئەو دووە بەهەندوەرنەگرتنی ئیرادەی گەلی كوردستانە و بەكارهێنانیەتی بۆ بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسی. خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئۆكتۆبەری 2024 دەنگیان بۆ حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان داوە نەک بۆ سەركۆمار و پۆستەكانی تری عێراق.”

هەروەها نووسیویەتی: “چارەسەری بنەڕەتیی ئەو قەیرانەی كە هەیە لە هەنگاوی یەكەمدا ڕێزگرتنە لە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان و لە هەنگاوی دووەمیشدا قەناعەتكردنە بەو بنەمایە كە پۆستی سەركۆمار پشكی كوردە نەک تاپۆی حزبێک. هەروەها ئەو پۆستە نوێنەری كوردە لە بەغدا و دەبێ  بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بەكار بهێندرێت نەک بۆ بەرژەوەندیی حزبێک یان شەخسێک و لە بەهای كەم بكرێتەوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی کارەبا: 75 مێگاوات بەرهەمی کارەبا بە وزەی خۆر چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە

دڵشاد

ئەنجامی وەرگرتنی قوتابخانە نێودەوڵەتییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2024- 2025 رادەگەیەنرێت

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح