zagros news agency

ڕاگەیندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە

 

بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2025.12.25، تاوەکو 2026.1.1، ئامادەکرابوو، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان وەک چۆن داڕێژرابوو لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بەسەرکەوتوویی و وەکو خۆى و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێ کرا، بەوشێوەیەی خوارەوە:-

یەکەم/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشت و گوزاری هەولێر:-

لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە بازگەکانی دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، ( 88 هەزار و 341 ) گەشتیار لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.

دووەم/ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر:-

پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و ( 113 ئەفسەر ) و ( 937 ) كارمەند لەئەرک دابوونە، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ، بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکان و خێرا لێخوڕین ( 17 ) ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە ( 1 ) کەس گیانیان لەدەستدا و ( 9 ) کەسى دیکەش برینداربوونە.

سێیەم/ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر:-

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

چوارەم/ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر:-

پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەک خۆى جێبەجێکران، ( 86 ) حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، ( 85 ) حاڵەت و تاوان ئاشکراکراوە و ( 1 ) تاوانیش لەژێر لێکۆلینەوەدایە.

پێنجەم/ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر:-

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، لەو ماوەیەدا تەنها ( 1 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى:-

تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، ( 5 هەزار و 486 ) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەگشتییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، ( 502 ) نەشتەرگەرى گەورە و بچووک ئەنجامدراوە، بۆ شوشتنی گورچیلە ( 1427 ) هاوڵاتی سەردانی سەنتەری شوشتنی گورچیلەیان کردووە، ( 1 هەزار و 423 ) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایک بوونیان کردووە، ( 294 ) منداڵ لەدایک بووە، ( 101 کوڕ ) و ( 124 کچ ) بەئاسایی و ( 26 کوڕ ) و ( 32 کچ ) بە نەشتەرگەری.

حەوتەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر

تمەکانی سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەکان و فەرمانگەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە ئەرک دابوون، لەماوەی ساڵی ڕابردووشدا، ( 730هەزار تۆن ) زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە و چارەسەر کراوە، هەروەها زیاتر لە ( 128 هەزار دار ) لەگەڵ ( 106 هەزار گوڵی جۆاروجۆر ) لە شەقام و دورگەی ناوەندیەکانی شار چێندراوە، ئەوجگە لە ئانجامدانی ( 67 ) پڕۆژە و دابەشکردنی ( 29 هەزار ) پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران و چاککردناوە و قیڕتاوکردنی چەندین شەقامی گشتی و گەڕەکەکانی ناو شار، تەنها لەشەوی سەری ساڵیشدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژینگە پارێزی هەولێر ( 30 تۆن ) پاشماوە و زبڵ و خاشاک کۆکراوەتەوە.

هەشتەم/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕێگا و بان و ئاوەدانکردنەوە و نێشتەجێکردنی هەولێر:-

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی گرتبۆوە، تەواوی تیمەکان بە ( 72 ) ئامێری جۆراو جۆر لە ئەرک دابوون بۆ ڕاماڵینی بەفر و لابردنی قوڕ لیتەی ڕێگاکان و پاککردنەوەی داڕمانی شاخ، لەوماوەیەشدا، کارەکان بریتی بوون لە، پاککردناوەی ( 25 ) ڕێگای سەرەکی سنووری قەزایی کۆیە و قەزاکانی دیکە بە درێژی ( 1 هەزار و 100 کیلۆمەتر ) و لێدانی ( 180 تۆن خوێ ) بۆ تواندەوەی بەفر و نەبەستنی ڕێگاکان و کردنەوەی ڕێگا سەرەکیەکانی دەرەوەی شار و گوند و ناوچە دوورە دەستەکان، ئەوە بێجگە لە بەهانەوەچوونی ئەو هاوڵاتیانەی لە ناوبەفر گیریان خواردبوو یاخود دووچاری کێشە و گرفت ببوون.

نۆیەم/ فیستیڤاڵ و شەوە ئاهەنگەکان:-

بۆ سەری ساڵی نوێ لە چەندین شوێنی هەولێری پایتەخت، شەوە ئاهەنگی خێزانی و فیستیڤاڵی تایبەت ڕێکخرابوون، لە بەردەم پارکی شانەدەر و پارکی پێشمەرگە و ژمارەیەکی شوێنی تر بە تایبەتی لە نێو سەنتەری شار، کە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، گەورەترین فیستیڤاڵ و شەوە ئاهەنگ بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان لە شەوی 2025.12.20 تاوەکو شەوی 2026.1.1 سازکرابوو و ژمارەیەکی زۆری لە هاوڵاتییان و گەشتیاران شەوانە ئامادەی دەبوون، خۆشبەختانە بەبێ ڕوودانی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو هەموو ئەو پلان و بەرنامەیی لە پێناویدا دارێژرابوو بە سەرکەوتوویی و بێ کێشە بەڕێوەچوون.

دەیەم / کەش و هەوا:-

پار ساڵ لە پارێزگای هەولێر تائەوکاتانە ( 43 ملم باران) باریبوو. ئەم ساڵە تا ئێستا ( 230.6 ) ملم باران باریوە و جیاوازیەکە دەکاتە ( 187.6ملم)، بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو جیاوازییەکی زۆرە، بەهۆی هەموو ئەو ڕێکار و ڕێگە چارەسەریانەی لە ساڵانی ڕابردوودا گیرابوونەبەر، توانرا شاری هەولێر لە مەترسی دروستبوونی لافاو پارێزراوبێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی زانکۆ تایبەتە باوەڕپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە

سەڵاح

سەرۆک بارزانى و پەیامى هۆشدارى لە بەلارێداچوونى عێراق بەرەو دیکتاتۆرى

سەڵاح

دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بەحرکە خرایە خوارەوە

سەڵاح