zagros news agency

مەسرور بارزانی: پێویستە بەغدا جیاوازی نەکات لە پێدانی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێم

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنەکانی پرسی پێکهێنانی حکوومەت، پرۆژەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، پرسی مووچە و هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، کە تا ئێستا پێشهاتێکی نوێ نییە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان خوازیاری ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا حکوومەتی هەرێم پێکبهێندرێت. وتیشی: “دەبێت ئیستحقاقاتی ئینتیخابی و ئەنجامی دەنگی هەڵبژاردنەکان لەبەرچاو بگیرێن و ببنە بنەما بۆ دروستکردنی حکوومەتێکی یەکگرتووی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستاندا بێت.”

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پڕۆژەی (ئەپسوڵە – EPisola) وەک بەشێک لە بەرنامەی چاکسازیی حکوومەت و وتی: “پێویستمان بە ژێرخانێکی ئابووری هەبوو کە تێیدا هەموو هاوڵاتییەک، چ لە کەرتی گشتی یان تایبەت، ببێتە خاوەن هەژماری بانکی خۆی.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاوڵاتییان دەکات تا بتوانن بە شێوەی دیجیتاڵی تێچووی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و پۆلیس و ترافیک بدەن، ئەمەش شەفافیەتی زیاتر لە داهات و خەرجییەکاندا دروست دەکات.

دەربارەی پرسی مووچە، سەرۆکوەزیرانی هەرێم دڵنیایی دایە هاوڵاتییان کە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانیان. ڕاشیگەیاند: “ئێستا بابەتی پێدانی مووچە لە دەستی بەغدایە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پابەندی ئەرکەکانی بێت و جیاوازی لە نێوان هاوڵاتییانی هەرێم و ناوچەکانی تری عێراق نەکات.” هیوایشی خواست کە چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوانەکەوێت و نەفەوتێت.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش نەکراوە. جەختیشی کردەوە کە کاندیدی ئەم پۆستە دەبێت کاندیدی هەموو کوردستان و پێکهاتەی کورد بێت، نەک لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا بی سەپێنێت. پێشنیازیشی کرد کە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان کاندیدێکی یەکگرتوو دەستنیشان بکەن کە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بکات.
سەرۆکوەزیران لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پلانی حکوومەت فراوانترکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە بۆ هەموو سێکتەرەکان، تاوەکو هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و داراییەوە هەنگاوی گەورەتر بەرەو پێشەوە بنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە كۆی 180 وڵات، عێراق لە ریزی 10 پیسترین وڵاتانی جیهاندایە

سەڵاح

یورو لیگ.. مانیونایتد بارودۆخی خراپە و ئەمجارەش نەیبردەوە

یاسین

ئەمریکا هێزی زیاتر ڕەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

سەڵاح