دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە تا ئەم ساتە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار نییە و جەختی لە پێویستیی یەکدەنگیی لایەنەکان کردەوە.
دانەر عەبدولغەفار به ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی نییە و دانوستاندنەکان بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە وەستابوون.” ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییهاتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگرەبەست، دەرفەتێکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران.
دانەر عەبدولغەفار ڕوونیکردەوە کە تەنها پۆستی سەرۆک کۆمار جێگەی ناکۆکی نییە، بەڵکو لایەنەکان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانیش نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ناوبراو داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد کە پەلە بکەن لە یەکلاییکردنەوەی ئەم دوو پۆستە بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت کە بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.
داواکاری بۆ کاندیدی هاوبەش
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: “ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە ڕوون بووین و داوامان کردووە لایەنە کوردستانییەکان لەسەر یەک کاندید ڕێکبکەون، چونکە ئەو پۆستە نوێنەرایەتی کورد دەکات نەک تەنها حزبێک.”

