zagros news agency

‎دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەسەر ئیمامئۆغڵو هاتە دەنگ ‎باسی دەمیرتاشیش دەكات

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دۆسیەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بدات، كە زیاتر لە ساڵێكە زیندانی كراوە، چەند پرسیارێكی ئاڕستەی وەزارەتی دادی توركیا كردوووە و لە یەكێك لە پرسیارەكان باسی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەكات، كە ئەو دادگایە سێ جار داوای كردووە ئازاد بكرێت.

دوای ئەوەی لە ١٩ی ٣ی ٢٠٢٥، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەستگیر كرا، جەهەپە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای یاسایی تۆمار كرد، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە و دەبێت هەموو بڕیارێكی ئەو دادگایە جێبەجێ بكات.

لە یەكەم دانیشتندا، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دادی توركیا كردووە و داوای لێ دەكات وەڵام بدرێنەوە.

لە دۆسییەی ئیمامئۆغڵودا هاتووە، كە جەهەپە ئاڕاستەی دادگای ناوبراوی كردووە ”ئیمامئۆغڵو، بەشێوەیەكی نایاسایی دەستگیر كراوە، دەستگیركردنەكەش زۆر بەپەلە بووە و لەژێر چاودێری و لێكۆڵینەوەی ورددا نەبووە. دەستگیركردنەكەی سیاسیی بووە، تا لەو رێگەیەوە رێگەی لێ بگرن ببێتە بەربژێر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا.”

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، لەسەر ئەو دۆسیەی رادەستی كراوە لەبارەی ئیمامئۆغڵو، بۆ ئەوەی بزانێت لە توركیا دەستوور پێشێل كراوە یان نا، چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دادی توركیا كردووە و دەڵێت وەڵام بدەنەوە.

دادگای ناوبراو، لە پرسیاری پێنجەم و شەشەمدا، باس لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەكات و بە وەزارەتی داد دەڵێت، دەمیرتاش بەهۆكاری سیاسیی دەستگیر كراوە و سزا دراوە، بۆیە لە ٢٠٢٠دا داوامان كردووە ئازاد بكرێت.

باسكردنی دەمیرتاش لە لایەن ئەو دادگایە، بەو مانایە دێت توركیا پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات، چونكە پێشتر داوایان كردووە دەمیرتاش ئازاد بكات و بە هۆكاری سیاسیی دەستگیر كراوە نەك یاسایی.

بۆیە پرسیاری لە وەزارەتی داد كردووە، بۆ ئەوەی بزانین ئیمامئۆغڵوش وەكوو دەمیرتاش بەهۆكاری سیاسیی گیراوە یان یاسایی، پێویستە پرسیارەكان وەڵام بدەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، دوای ئەوە وەزارەتی دادی توركیا وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا دادوەرەكانی دادگای ناوبراو كۆ دەبنەوە و بڕیار لەبارەی دۆسییەی ئیمامئۆغڵو دەدەن.

توركیا دەتوانێت تا هەشت هەفتەی تر وەڵام بداتەوە و ئەگەر داواش بكات ماوەكەی بۆ درێژ بكەنەوە، بۆی درێژ دەكەنەوە، بەو مەرجەی وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە.

توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، بەگوێرەی یاساكانی ئەو دادگایەش بێت، هەر وڵاتێكی ئەندام لەو دادگایە، پێویستە بڕیارەكانی وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، تەنانەت ئەگەر بڕیارەكە پێچەوانەی بڕیاری دادگای وڵاتی خۆشی بێت.

توركیا تاوەكوو ئێستا چەندین جار بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل كردووە، بۆ نموونە دادگا سێجار داوای كردووە دەمیرتاش ئازاد بكرێت، كەچی ئازاد نەكراوە، هەروەها داوای كردووە فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت و ئازاد نەكراوە. هەر ئەو دادگایە داوای كردووە، عوسمان كاڤالا، چالاكوان و سەرمایەداری توركیا و جان ئاتاڵای پەرلەمانتار ئازاد بكات، بەڵام توركیا بڕیارەكانی پشتگوێ خستووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

حزبوڵای لوبنان لە بەرزاییەکانی گوڵان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

سەڵاح

ئەحمەد داوودئۆغلوو، گەیشتە هەولێری پایتەخت

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە

سەڵاح