وەزارەتی ناوخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ،سەرپێچیکار و ئەوەی ژینگە پیس بکات، سزای توندی بەسەردا دەسەپێندرێت
ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە
بە نووسراوی ژمارە 11255 لە 23ی نیسانی 2026 بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پۆلیس و بەرگریی شارستانی و پۆلیسی ژینگە و دارستان و پۆلیسی هاتوچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان بگرنە بەر و سزای دارایی بەپێی یاسا بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە پیس دەکات.
لە گشتاندنی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە:
“لەبەر ڕۆشنایی فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بۆ بایەخدانی زیاتر بە پاراستنی سروشتی جوانی وڵاتەکەمان، و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ژمارە (8)ی ساڵی 2008، کە تێیدا هاتووە (هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە لە ژینگەیەکی هێمن و پاکدا بژی و ئەرکی هەموو کەسێکیشە کار لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکییەکەیدا بکات)، ماددەی 3/ 1، هەروەها لەبەر ڕۆشنایی یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان) ماددەی 2/ 1 و (پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی) ماددەی 2/2ی سپاردووە بە وەزارەتی ناوخۆ، بەو هۆیەی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان وەکوو بەشێک لە سامانی گشتی هەژمار دەکرێن، دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ وەکوو پۆلیس، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ، هەر یەکەیان بەپێی پسپۆڕی و ئەرکی خۆی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 و هەموو ئەو ڕێنماییانەی دەستە بۆ پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان دەریکردوون”.
لە گشتاندنەکەدا داوا لە دامەزراوەکان کراوە کە لە ڕێی خۆیانەوە ئاگاداری هاووڵاتییانی خۆشەویست بکەن کە:
یەکەم: لە کاتی گەشت و سەیراندا سروشتی جوان و ڕەنگینی کوردستان وەکوو ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان بەدوور بگرن لە پیسکردن لە ڕێی بەجێهێشتنی پاشماوەی گەشت و زبڵ و خاشاک. پێویستە پاشماوەکان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە و لە شوێنی تایبەت دابنێن کە دەستی دامەزراوەکانی شارەوانی دەگاتێ. هەر کەسێک پاشماوەی گەشت بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەپێی بڕگەی 3 لە ماددەی 42 لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە بەرانبەری دەگیرێتە بەر کە سزای پێبژاردنە لە (100,000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (10,000,000) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. دامەزراوەکانی پۆلیس هاوکاریی دەستە دەکەن لە سەپاندنی ئەم سزایە.
دووەم: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین کە بەشدار بن لە پاک و جوانهێشتنەوەی سروشتی کوردستان وەکوو شوێنە گەشتیارییەکان، پۆند و بەنداو و جۆگە و چەمەکان، شاخ و دەشت و دۆڵ و چیا و دارستانەکان، پێویستە وەکوو ماڵی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
داوا دەکەین ئەگەر هاووڵاتییەکیان بینی ژینگە پیس دەکات و زیان بە سروشتی کوردستان دەگەیەنێت، ڤیدیۆی بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی دەستە، یان وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی پۆلیس ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی لە بەرانبەریان بگیرێتە بەر.
سێیەم: داوا لە خاوەن پڕۆژەکان دەکەین، بە هەموو جۆرەکانیان کە ناویان لە ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (2)ی ساڵی 2023 هاتووە، بە وردی ئەو ڕێنماییە بخوێننەوە و خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی پاراستنی ژینگە بگونجێنن. بەپێچەوانەوە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستە، بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانیان دەکەن و سەرپێچیکار بەگوێرەی ئەو سزایانەی لە ڕێنمایی ئاماژەبۆکراودا هاتووە، سزا دەدەن.
چوارەم: ئەنجومەن و لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە.
وەزارەتی ناوخۆ

