ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/4، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ههر لە بهردهواميى دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ هەیبەت ئەلحەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵى کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی و یاساییی وڵات و ڕۆڵی دامەزراوەی ياسادانان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکات.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە بێت و کارکردن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزن، لە پێشینەی کارەکانی پەرلەمان و حکوومەتدا بێت. هاوکات جەخت لە پێویستیی یەکخستنی دیدگاکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هاووڵاتییان.
دۆخی ناوچەکە و لێكهوتهكانى، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تیایدا جەخت لە پاراستنی ئارامى و سهقامگيرى و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و تێوهنهگلانى له ئاڵۆزييهكان، کرایەوە.

