zagros news agency

‎بنەتۆی نوێ لە هەولێر دەخرێنە بەردەستی جووتیاران

لە رۆژی جیهانی خاکدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان مەراسیمێکی ساز کرد. تێیدا ئاماژەی بەو بنەتۆیانە کرد کە ئێستا جووتیارانی کوردستان دەتوانن بەکاریان بێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە 2026\5\5، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان خاوەنی کەش و هەوای تایبەت و چەند جۆرێک خاکی جیاوازە بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی. بۆیە ناوەندەکانی توێژینەوەی سەر بە وەزارەت راسپێردراون کە چەندان جۆری بنەتۆی گونجاو لەگەڵ کەش و هەوای کوردستان بەرهەم بێنن، بۆ ئەوەی ساڵانە بە نرخێکی کەم بەسەر جووتیارانی کوردستاندا دابەش بکرێت و کاتێکیش بەرهەمەکان دەدوورێنەوە بە نرخێکی زیاتر لە بازاڕ لەو جووتیارانە بکڕدرێتەوە.

بۆیە ئێستا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ڕادەیەک کە کەمترین رێژەی بنەتۆ لە وڵاتانی دەوورووبەرەوە هاوردە دەکات و ئێستا بنەتۆی کوردستان بۆ وڵاتانی دیکە رەوانە دەکرێت.

بێگەرد تاڵەبانی، باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر، 10 جۆری دیکەی بنەتۆ دەخرێتە بەردەستی جووتیارانی کوردستان و ئامادە دەکرێت کە ساڵانە لە رێگای ناوەندەکانی توێژینەوەوە بەسەر جووتیارانی خاوەن مۆڵەتی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە دابەش دەکرێت و دوای ئەوەی کە بەرهەمیان هەبوو، جارێکی دیکە لێیان وەردەگیرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان، گلەیی لە حکوومەتی عێراقی کرد سەبارەت بە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە. ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی، بەپێی ئەو هەماهەنگیەی هەیەتی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراقی، ئەو دانەوێڵەی بەرهەمی دەهێنێت رادەستی سایلۆکانی دەکات. بەڵام ئەو پشکەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، بە تایبەتی ئەمساڵ، زوڵمێکی گەورە لە جووتیارانی کوردستان دەکرێت کە رێژەکەی بە 290 هەزار تۆن دیاری کراوە. ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە، چونکە جووتیارانی کوردستان، بە تایبەتی ئەمساڵ زۆر لەو بڕە زیاتریان هەیە. بۆیە پێویستە هەریەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەژێر چاودێری هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقیدا کارەکانیان بە شێوەیەک رێک بخەن کە جووتیاران بە هیچ جۆرێک لێی زەرەرمەند نەبن.

لە لایەکی دیکەشەوە، یەکێک لەو گرفتانەی کە بۆ جووتیارانی کوردستان دێتە پێش ئەوەیە کە ساڵانە شایستە داراییەکانیان، دوای ئەوەی کە دانەوێڵەکانیان رادەستی سایلۆکانی حکوومەتی عێراقی دەکەن، لە کاتی گونجاودا شایستە داراییەکانیان وەرناگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار

هاوار محەمەد: هاولاتیان ئاگاداری ئەوەبن دەنگەکانیان نەسوتێت

دڵشاد

لە بەحرکە نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی دروست دەکرێت

دڵشاد

ماڵپەڕی ئاکسیۆس: ئێران لە عێراقەوە هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل

یاسین