بە بۆنەی(١ی ئایار)جەژنی جیهانی کرێکاران، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین.
بەدرێژایی مێژووی خەبات و شۆڕشی گەلانی ئازادیخواز نکوڵی لە پێگە و تێکۆشان و رۆڵی چینی کرێکاران ناکرێ، کە گرنگی و کاریگەری خۆی هەبووە لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و وڵاتان و ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون، هەروەها لە ڕووی بیناکردن و ئاوەدانکاریدا هەمان بایەخ و کاریگەریان هەیە و لەو رێگایەشدا قوربانی زۆریان داوە.
بەو بۆنەیەوە و لەو دەرفەتەدا ڕۆڵی بونیادنەرانەی کرێکارانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پشتیوانی خۆمان بۆ داوا و خواستە پیشەییەکانیان دووپات دەکەینەوە بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ کرێکاران و خانەوادەکانیان، هەروەها پاڵپشتی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەکەین لە پلان و هەنگاوەکانی کە وەکو ڕێکخراوێکی پیشەیی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کرێکاران دەکات، هیوادارین بە هەموو لایەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان هەوڵی زیاتر بدەین بۆ بووژانەوە و بونیادنان و بەرەو پێشبردنی زیاتری وڵاتەکەمان.
جارێکی دیکە (١ی ئایار)جەژنی جیهانی کرێکاران لە تێکڕای کرێکارانی کوردستان پیرۆز بێت و، هەر سەرکەوتووبن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١ی ئایاری ٢٠٢٤