zagros news agency

مەسرور بارزانی و تۆم بەڕاک جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 16-6-2026 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا ، کە جۆشوا هاریس هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
باڵیۆز تۆم بەڕاک ، وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوددستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە .
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە راوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا دەکات

یاسین

ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامەکانی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا تاوتوێ دەکات

یاسین

ئاگاداریەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە

یاسین