بڕیارە سبەی شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی یەکخستنی سیستمی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان سەردانی بەغدا بکات و ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی واژۆ بکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاند؛ سبەی چوارشەممە تیمی هونەریی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتن بە سیستمی نێودەوڵەتی “ئەسیکۆدا”، دەگەنە بەغدا. بڕیاریشە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ تیمی هونەریی حکومەتی عێراق کۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی “ئەسیکۆدا” لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم سیستمە کە سیستمێکی جیهانییە بۆ بەدیجیتاڵکردنی کارە گومرگییەکان، دەبێتە هەنگاوێک بۆ هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی هەردوو تیمی هونەری دەگەنە ڕێککەوتن، بڕیارەکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق دەکرێت، تاوەکو لەوێ بە فەرمی واژۆی لەسەر بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

