فیفا لە ئامادەکاریدایە بۆ گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 19ی تەمموز، لە یاریگای مێتلایفی نیوجێرسی لە شاری نیویۆرک بەڕێوەبچێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان پلانی هەیە پشووی نێوان تایمەکان لە 15 خولەکەوە بۆ 30 خولەک درێژ بکاتەوە.
ئەم بڕیارە بە ئامانجی ئەنجامدانی نمایشێکی هونەری گەورە لە نێوان هەردوو تایمەکەدا هاتووە، کە وەک تەواوکارییەک بۆ ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکە سەیر دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، فیفا پلانی داناوە چەند هونەرمەندێکی بەناوبانگی جیهانی وەک شاکیرا، جەستن بیبەر، مادۆنا و تیمی کۆڵدپلای بەشداری بکەن و هەر یەکەیان نمایشێکی تایبەت پێشکەش بکەن.
سەرەڕای ئەوەی ئەم هەنگاوە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بە یارییەکە دەبەخشێت، بەڵام جێبەجێکردنی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی یەکێک لە یاسا مێژوویی و جێگیرەکانی فیفا لە تۆپی پێدا، ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

