ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە کە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو لە ژیانی وەرزشی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل میسیدا هەیە، و هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پلانی نییە بەم زووانە واز لە یاریکردن بهێنێت.
بەگوێرەی ڕادیۆی “ڕادیۆ کەتەلۆنیا” و ڕۆژنامەنووس خافی کامپۆس، میسی خۆی ئامادە دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەر میامی بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە، کە تا ساڵی ٢٠٢٨ لە یانە ئەمریکییەکەدا دایهێڵێتەوە.
ئەم نوێکردنەوەیە ئەوە دەگەیەنێت کە یاریزانەکە، کە تەمەنی ٣٧ ساڵە، ئەگەری زۆرە بەشداری جامی جیهانیی ٢٠٢٦ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بکات، و لەوانەیە دوای ئەوە بیر لە وازهێنان بکاتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی زیاد کردووە کە گرێبەستە نوێیەکە ئازادی دەدات بە میسی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ تیمە ئەمریکییەکە لە کۆتایی هەر وەرزێکدا. بۆ نموونە، ئەگەر ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بیەوێت دوای جامی جیهانیی ٢٠٢٦ وازبهێنێت، دەتوانێت بەندی هەڵوەشاندنەوەی پێشوەختەی گرێبەستەکەی کارا بکات.
لەلایەن خۆیەوە، یانەی ئینتەر میامی مافی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دوای دوو ساڵ هەیە، و ئەگەر هیچ لایەنێک بەندی هەڵوەشاندنەوەکە کارا نەکات، میسی تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٨ لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە دەمێنێتەوە، کاتێک دەگاتە تەمەنی ٤١ ساڵی.
سەرەڕای وەرگرتنی چەندین ئۆفەری سەرنجڕاکێش لە یانەکانی خولی پیشەگەرانی سعودییەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە میسی، براوەی ٨ جاری تۆپی ئاڵتونی، پێی باشترە ژیانی وەرزشی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆتایی پێبهێنێت، کە هەست دەکات “وەک ئەوەی لە ماڵی خۆیدا بێت” لەگەڵ ئینتەر میامی.

