دەرەنجامی دارایی پرێمەرلیگ بۆ وەرزی ئەمساڵ ئاماژە بە سەرکەوتنێکی مێژوویی ئارسیناڵ دەکات نەک تەنها لە ڕووی وەرزشی بەڵکو لە ئاستی داهاتی داراییشدا.
یانەی ئارسیناڵ دوای چاوەڕوانییەکی درێژخایەن بۆ جاری چواردەیەم نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا و بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەریتانی، کۆی گشتی داهاتی یانەکە گەیشتووەتە نێوان ١٧٦ بۆ ١٧٨ ملیۆن پاوەند، ئەمەش ژمارە پێوانەییەکەی وەرزی رابردووی لیڤەرپوولی تێپەڕاندووە کە ١٧٥ ملیۆن پاوەند بوو.
ئەم داهاتە زەبەلاحە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاواز پێکهاتووە، بە جۆرێک ٩٧ ملیۆن پاوەندی بۆ مافی بەشداریکردن لە پەخشی ناوخۆیی و جیهانی و داهاتی بازرگانی تەرخان کراوە، لەگەڵ ٥٤ ملیۆن پاوەند وەک پاداشتی شایستەیی پلەی یەکەم و بڕێک پارەی زیادە کە بەهۆی زۆری پەخشکردنی یارییەکانی لە تەلەفزیۆنەوە بەدەستی هێناوە.
لە ئاستی پاداشتی شایستەیی بەپێی ریزبەندی، ئارسیناڵ بە ٥٤ ملیۆن پاوەند لە پێشەنگدایە، دوای ئەو مانچستەر سیتی بە ٥١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پاوەند لە پلەی دووەم و مانچستەر یونایتد بە نزیکەی ٤٨ ملیۆن پاوەند لە پلەی سێیەمدایە. لە بەرامبەردا یانە زیانمەندەکان وەک چێڵسی تەنها ٢٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار پاوەند و تۆتنهامیش تەنها نزیکەی ١١ ملیۆن پاوەندیان بەرکەوتووە.
کۆتاییهاتنی وەرزەکە بۆ هەندێک یانە بە دابەزین بۆ خولی پلە یەک کۆتایی هات کە بریتین لە وێست هام و بێرنلی و وڵڤەرهامپتۆن، لە کاتێکدا چێڵسی لە پلەی دەیەمدا جێگیر بوو و تۆتنهامیش بە ئەستەم لە دوا هەفتەدا خۆی لە دابەزین رزگار کرد.

