کۆمپانیای BMW i Ventures کە باڵی وەبەرهێنانی گرووپی BMW یە بە فەرمی ڕاگەیاندنی سندوقی سێیەمی خۆی بە سەرمایەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ فراوانکردنی کارەکانی لە بواری تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکاندا. بەم هەنگاوە نوێیە، کۆی ئەو سەرمایەیەی کە ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی ٢٠١٦وە تا ئێستا بەڕێوەی دەبات، گەیشتە ئاستی ١.١ ملیار دۆلار، ئەمەش پێگەی BMW وەک یەکێک لە وەبەرهێنەرە سەرەکییەکان لە کەرتی تەکنەلۆژیادا بەهێزتر دەکات.
ئەم سندوقە نوێیە کە بە (Fund III) ناسراوە، بە پلەی یەکەم جەخت لەسەر ئەو کۆمپانیایانە دەکاتەوە کە لە بوارەکانی ژیریی دەستکردی فیزیکی و سیستەمە ڕۆبۆتییەکاندا کاردەکەن. جگە لەمانەش، بایەخێکی تایبەت بە سۆفتوێرە پیشەسازییەکان، کەرەستە نوێیەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای گواستنەوە و دابینکردن دەدرێت. ئامانجی سەرەکی BMW لەم وەبەرهێنانە، دۆزینەوەی ئەو ستارتەپانەیە کە چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کێشە ئاڵۆزەکانی پیشەسازی دەدۆزنەوە و تەنها پشت بە بانگەشە کاتییەکانی ژیریی دەستکرد نابەستن.
ستراتیژیی وەبەرهێنانی ئەم سندوقە نوێیە ناوچەکانی ئەمریکای باکوور و ئەورووپا دەگرێتەوە و تیشک دەخاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی لە قۆناغەکانی سەرەتایی گەشەکردندان. بەڕێوبەرانی سندوقەکە دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوان بەدوای ئەو تەکنەلۆژیایانەدا دەگەڕێن کە دەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئۆتۆمبێلسازیدا دروست بکەن، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە کە داهاتووی پیشەسازییە قورسەکان بە تەواوی گرێدراوی پەرەسەندنەکانی ژیریی دەستکرد و ئۆتۆماتیک دەبێت.

