zagros news agency

مێرسیدس بێنز دەچێتە نێو کەرتی پیشەسازیی بەرگری و چەکەوە

کۆمپانیای مێرسیدس بێنزی ئەڵمانی، کە یەکێکە لە ناودارترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ چوونە ناو بواری پیشەسازیی بەرگرییەوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهان.

 

ئۆلا کالینیۆس، سەرۆکی جێبەجێکاری مێرسیدس بێنز لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاند: کۆمپانیاکە ئامادەیە کار لە بواری بەرگریدا بکات، بەو مەرجەی پڕۆژەکان لە ڕووی “بازرگانییەوە گونجاو و پڕقازانج” بن.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، جیهان بووەتە شوێنێکی پڕ لە ململانێ و ناسەقامگیری، بۆیە “زۆر ڕوونە کە ئەوروپا پێویستی بە بەهێزکردنی تواناکانی هەیە لە بواری بەرگریدا.”

 

ئەوروپا و گەڕانەوە بۆ پیشەسازیی چەک
ئەم هەنگاوەی مێرسیدس لە کاتێکدایە کە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە کیشوەری ئەوروپا بەتایبەت جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، حکومەتە ئەوروپییەکان ستراتیژی خۆیان گۆڕیوە و گرنگییەکی زۆرتر بە بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی دەدەن.

 

بە بڕوای پسپۆڕان ئەوروپا ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر هەست بە مەترسی دەکات و دەیەوێت لە ڕووی سەربازییەوە پشتبەخۆی ببەستێت، ئەمەش وای کردووە کۆمپانیا گەورەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا بیر لەوە بکەنەوە پشکیان لەو بازاڕە نوێیەدا هەبێت.


کالینیۆس ئاشکرای کرد، بەرهەمهێنانی کەرەستەی بەرگری بەراورد بە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل پشکێکی کەمی کارەکانی کۆمپانیاکە پێکدەهێنێت، بەڵام پێشبینی دەکات ببێتە سێکتەرێکی تایبەتمەندی ڕوو لە گەشە و یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی داهاتی کۆمپانیاکە.

 

کۆمپانیاکانی دیکەش هەمان رێگە دەگرنە بەر
تەنیا مێرسیدس نییە کە چاوی لەم بوارەیە؛ پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە کۆمپانیای فۆڵکس ڤاگن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی لە گفتوگۆدایە بۆ گۆڕینی یەکێک لە کارگەکانی بۆ دروستکردنی سیستەمی بەرگری موشەکی، هەرچەندە دواتر کۆمپانیاکە ڕەتی کردەوە.

 

هەروەها کۆمپانیای ڕاینمیتالی ئەڵمانی بۆ پیشەسازیی بەرگری، هاوبەشییەکی لەگەڵ دۆیچە تێلیکۆم ڕاگەیاندووە بۆ پەرەپێدانی قەڵخانی دژە درۆن.

 

ئەم وەرچەرخانە لە کارەکانی مێرسیدس بێنز نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕی چەک و بەرگری لە ئەوروپا بووەتە یەکێک لە سێکتەرە هەرە سەرنجڕاکێشەکان بۆ وەبەرهێنان لە دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی جیهان.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

قوشتەپە… به‌ ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی بەردى بناغەى 8 پڕۆژەی خزمەتگوزاریى دانرا

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری چێک لە عێراق دەکات

یاسین

هه‌ولێر.. دانانی به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامێكی 60مه‌تریی دووساید به‌ گوژمه‌ی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار

سەڵاح