لە بەردەوامیی ئەو شاڵاوە یاساییە بێپێشینەیەی کە ڕووبەڕووی شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئهمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی شارەوانی ناوچەی “ئوسکودار” لە ئەستەنبوڵ و پێنج کەسی دیکەیان دەستبەسەر کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی (NTV)ی تورکی، “سینەم دەدەتاش” سەرۆکی شارەوانی ئوسکودار کە سەر بە پارتی گەلی کۆماری (CHP)یە، لەگەڵ جێگری سەرۆکی شارەوانی، سکرتێر، ئەندازیارێک، بریکارێکی بازرگانی و بەڵێندەرێک دەستگیرکراون. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدایە سەبارەت بە بوونی سەرپێچی لە پێدانی مۆڵەتی بیناسازی و نیشتەجێبوون.
هێزە ئەمنییەکان لە یەک کاتدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ١١ ناونیشانی جیاواز لە ئەستەنبوڵ و دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەل و کەرەستەی دیجیتاڵیدا گرتووە. تۆمەتەکان باس لەوە دەکەن کە شارەوانییەکە سیستەمێکی پەیڕەو کردووە کە تێیدا بەڵێندەران ناچار کراون گرێبەستی “ڕاوێژکاری” واژوو بکەن بۆ ئەوەی بتوانن مۆڵەتی بیناسازی بەدەست بهێنن.
ئەم دەستگیرکردنانە وەک نوێترین هەنگاوی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەبینرێت دژی ئەو شارەوانییانەی کە لەلایەن پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنەوە بەڕێوەدەبرێن. لە بەرامبەردا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرجەم تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە ئەم لێکۆڵینەوانە “پاڵنەری سیاسییان” لە پشتە و ئامانج لێیان لاوازکردنی نەیارانی حکومەتە.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و ڕێکارەکان تەنها لە چوارچێوەی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا بەڕێوەدەچن.
شایەنی باسە، سینەم دەدەتاش یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دیارانەی ئۆپۆزسیۆن کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە ناوچەی ئوسکودار بەدەستهێنا، کە پێشتر یەکێک بوو لە قەڵاکانی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP).
رۆیتهرز

