ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری رۆشنبیری و لاوان پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانە و ئەنستیوتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و عێراق

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممە لە دیوانی وەزارەت پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا چەندین پرسی كولتووری و فەرهەنگی و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و دامەزراوە كولتوورییەكانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.

شاندی فەرەنسا پێكهاتبوون لە برێم یان، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، پاسکال رۆس، بەرپرسی هەماهەنگی و کولتووری باڵوێزخانەی فەرەنسا لە عێراق، فرێدریک تارید، بەڕێوەبەری ئەنستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر، دەشتی عومەر سدیق، بەرپرسی کولتووری ئەنستیتوتی فەرەنسی.

لە كۆبوونەوەكەدا، چەند پرسێكی جێی بایەخی نێوان وەزارەت و دامەزراوە كولتوورییەكانی فەرەنسا تاوتوێكرا.

برێم یان، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە بەرایی دیدارەكەدا ستایشی هەماهەنگی و هاوكارییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كرد و رایگەیاند، ئەگەر پشتیوانی بەردەوامی وەزارەت نەبوایە، نەدەتوانرا چالاكییە كولتوورییەكانی كونسوڵخانەی فەرەنسا پەرەیان پێ بدرێت.

لەو میانەیەدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان پێزانینی بۆ هاوكاری و پڕۆژە كولتوری و فەرهەنگییەكانی كونسوڵخانەی فەرەنسا دەربڕی و رایگەیاند، دامەزراوە كولتووری و فەرهەنگییەكانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان بە جددی كار بۆ پێشخستنی كولتووری دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی فەرەنسی تیشكیان خستە سەر گرنگی بەڕێوەبردنی یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی پاریس و كاریگەرییان لەسەر ئاشنابوونی كولتوورە جیاكان بەیەك.

لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەیان بەوەدا، كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر كۆنسێرتێكی تایبەت ساز دەكات و بە فەرمی بانگهێشتنامەی ئامادەبوونیان پێشكەش بە وەزیری رۆشنبیری و لاوان كرد.

لە بەشێكی دیكە دیدارەكەدا، پاسکال رۆس، بەرپرسی هەماهەنگی و کولتوری باڵوێزخانەی فەرەنسا لە عێراق پوختەیەكی لە بارەی هەماهەنگییە دامەزراوەییەكان و بەدەمەوەهاتنی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ پڕۆژە كولتوورییەكانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و جەختیكردەوە، بە بێ هاوبەشی و هەماهەنگی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان پڕۆژەكان بە ئاسانیی بە ئاكام نەدەگەیشتن.

هەر سەبارەت بە بایەخی پەیوەندی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسا و كرانەوەی كولتووری نێوان هەردوو گەل، وەزیری رۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بە رۆڵی دۆستانەی گەل و حكومەتی فەرەنسا و پشتیوانییەكانی بۆ دۆزی كورد لە هەرێمی كوردستان كرد.

حەمەی حەمەسەعید، ئەوەی بیرهێنایەوە، كە فەرەنسا لایەنی سەرەكی و ئەندازیاری چەسپاندنی هێڵی دژە فڕین بوو، كە بە هۆیەوە گەلی كوردستان توانی پارێزراو بێت لە هەڕەشە و پەلاماری فڕۆكەكانی رژێمی عێراق و توانی دامەزراوە دەستوورییەكان بنیات بنێت و بكەوێتە سەر شاڕێی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و دیموكراتی لە هەرێمی كوردستاندا.

لە چوارچێوەی دیدارەكەدا، فرێدریک تارید، بەڕێوەبەری ئەنستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر پوختەیەكی لە بارەی پڕۆژە كولتوورییەكانیان خستەڕوو و رایگەیاند، لە بەرنامەیاندایە پێشانگەیەكی شێوەكاری ئۆنلاین لە هەڵەبجە و فێستیڤاڵی سینەما لە سلێمانی و دهۆك رێكبخەن.

گوتیشی: بۆ ساڵی داهاتوو بە نیازن درێژە بە فێستیڤاڵی شیعری ژنان لە هەڵەبجە بدەن، كە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار بەڕێوەچوو.

لە بەرامبەریشدا، حەمەی حەمەسەعید، جەختی لەسەر پشتیوانی وەزارەت بۆ سەرخستنی پڕۆژە كولتوورییەكانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان كردەوە و ئامادەیی وەزارەتی بۆ هەموو كارئاسانییەك دەربڕی.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وێڕای هێنانەبەرباسی یاد و رۆڵی خاتوو دانیال میتەران، دۆستی دێرینی كورد، ئاماژە بۆ ئەوە كرا، كە لە 29ی تشرینی یەكەمی 2024، یادی سەد ساڵەی لەدایكبوونی خاتوو دانیال میتەرانە.

بۆ ئەو مەبەستە كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر بە نیازە چەند چالاكییەكی كولتووری و هونەری بەڕێوەبەرن و وەزیری رۆشنبیری و لاوان پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی سەرجەم چالاكییەكانی تایبەت بەو یادە دەربڕی.

یەكێكی دیكە لە باسە جێبایەخەكانی كۆبوونەوەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان لەگەڵ شاندی كونسوڵخانە و ئەنستیوتی فەرەنسی لە هەولێر، تاوتوێكردنی پڕۆژەی وەرگێڕانی زنجیرەیەك كتێبی كوردی بوو بۆ سەر زمانی فەرەنسی، بە مەبەستی ئاشناكردنی زیاتری خوێنەرانی فەرەنسی بە كولتوور و مێژوو و فەرهەنگی كوردی.

لە كۆتایی دیدار و كۆبوونەوەكەدا، حەمەی حەمەسەعید، بانگهێشتی كونسوڵ و بەڕێوەبەری ئەنستیوتی فەرەنسی كرد، بۆ سەردانی هاوینەهەوار و ژینگە و سرووشتی هەورامان، كە ناوەندێكی دەوڵەمەندی كولتووری و فەرهەنگی كوردستانە و هاوینەهەوار و سەیرانگەكانی بێ هاوتان لە ناوچەكەدا، بە مەبەستی بینینی سروشتی هەورامان و لە نزیكەوە ئاشنابوون بە كولتوور و فەرهەنگی دەڤەرەكە.

لە پەراوێزی كۆبوونەوە و دیدارەكەدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی بەخشییە دەشتی عومەر، بەرپرسی کولتووری ئەنستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر، لەپای کارە بەردەوامەکانی بۆ خزمەتی کولتووری کوردستان لەئەنستیتوتی فەرەنسی.

هەواڵی پەیوەندیدار

تەرمى هونەرمەند “جەمال هیدایەت” بەخاکسپێردرا

یاسین

داهاتی بەشی چوارەمی “John Wick” لە سینەماکاندا

ART

داهاتی ئەنیمەیشنی “Inside Out” لە سینەماکاندا

ART