بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی، ئاگادارییەكی لەبارەی تێكچوون و ونبوونی پاسپۆرت بۆ كوردانی تاراوگە بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/4/2025، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی، ئاگادارییەكی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “ئەو هاووڵاتییانەی زیاد لە جارێک پاسپۆرتەکانیان ون کردووە، یاخود (تێکچووە و تەلەف) بووە، دەیانەوێ دووبارە ببنەوە بە خاوەنی پاسپۆرت، بەڵام لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، لەم حاڵەتەدا ئەو هاووڵاتییانە پێویستە بگەڕێنەوە ناو هەرێمی کوردستان، ئەو کاتە مامەڵەی ونبوونی پاسپۆرتەکانیان بکەن، لەبەر ئەوەی لە باڵوێزخانە و کونسوڵییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، ناتوانن ئەو جۆرە مامەڵەیە بكەن.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو هاووڵاتییانەی دەگەڕێنەوە، بۆ ئەم باسە پێویستیان بە مانەوەی دوو تاوەكوو سێ مانگە، بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان لە نێوان دادگای لێكۆڵینەوە و دادگای كەتن تەواو دەبێت.

