zagros news agency

عادل باخەوان بۆ لۆمۆند: هەژموونی ئێران، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی عێراقی خێراتر کردووە

 

عادل باخەوان، کۆمەڵناسی کورد و بەڕێوەبەری نێوەندی توێژینەوەی فەرەنسا بۆ کاروباری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بەناوبانگی «لۆمۆند»ی فەرەنسا هۆشداریی دا، هەژموونیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پرۆسەی داڕمان و هەڵوەشانەوەی عێراقی بە خەستی خێراتر کردووە. بە گوتەی ئەو، نیشانە سەرەکییەکانی ئەم ڕەوتە، داڕمانی پێکهاتەیی دەوڵەتی ناوەندی، بەهێزبوونی گرووپە میلیشیاکان و زاڵبوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی تارانە بەسەر بەغدادا.

ئەم توێژەرە کوردە جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراقدا کردەییەن لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە، چونکە پێکهاتەی سیاسی بووەتە دیلی پارت و گرووپە میلیشیا ئایینییەکان و گەندەڵیی سیستمی، هەموو جومگەکانی دەوڵەت، لە دەزگا خزمەتگوزارییەکانەوە تا سوپا و پۆلیسی گرتووەتەوە. بە باوەڕی باخەوان، ئەو سیستەمە سیاسییەی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە داڕێژرا، لە دروستکردنی یەکێتیی نیشتمانیدا شکستی هێناوە.

عادل باخەوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە «کاریگەرترین فاکتەر» لە گۆڕانکارییەکانی عێراقدا دەزانێت. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە دوای ساڵی ٢٠٠٣، تاران بە پشت بەستن بە تۆڕە ئایینی، ئابووری و ئەمنییەکانی، ستراتیژێکی ڕێکخراوی بۆ دزەکردن و جێگیربوون لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقدا بەکارهێنا. ئەم ستراتیژە لەسەر دوو کۆڵەکە بنیات نراوە:

١. پشتیوانیکردن لە میلیشیاکان: پاڵپشتیکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی گرووپە میلیشیا شیعییەکان کە زۆربەیان، وەک حەشدی شەعبی، لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ کراون.

٢. کۆنترۆڵکردنی ئابووری: دەستبەسەرداگرتنی شادەمارەکانی ئابووریی عێراق (لە ڕێگەی بانکەکان، گومرگەکان و گرێبەستە حکوومییەکانەوە) بە یارمەتیی هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی تاران.

باخەوان بیرهێنانەوەی کرد کە بە لەبەرچاوگرتنی فشارەکانی ئەم دواییە لەسەر هاوپەیمانە هەرێمییەکانی تاران، لەوانە بەشار ئەسەد لە سووریا و حووسییەکان لە یەمەن، عێراق بووەتە «تەنها پێگەی ستراتیژیی ماوە» بۆ ئێران. بە گوتەی ئەو، ئێران بە هەبوونی زیاتر لە ٨٠ گرووپی میلیشیایی (کە ٢٣٥ هەزار چەکدار لەخۆدەگرن) لەناو خاکی عێراقدا، وەک «هێزێکی نیۆ-ئیمپریالیستی» مامەڵە دەکات و بەبێ پێویستی بە داگیرکاریی سەربازی، هەژموونی تەواوی خۆی بەسەر ئەم وڵاتەدا دەسەپێنێت.

ئەم شیکارە کوردە عێراقییە، ئاماژەی بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢١ کرد و دەڵێت ئەم جووڵانەوانە هەوڵیان دا ڕووبەڕووی گەندەڵی، تایفەگەری و دەستێوەردانی دەرەکی ببنەوە، بەڵام زۆربەی جار بە توندوتیژییەکی زۆرەوە لەلایەن میلیشیاکانەوە سەرکوت کران. هەروەها دەڵێت: «لە هەر خولێکی هەڵبژاردندا، پاڵێوراوە سەربەخۆکان یان لە پرۆسەکە دوور دەخرێنەوە یان لەناو سیستەمی سیاسیی داخراودا هەڵدەمژرێن، چونکە ئێران ئاگادارە کە هاوسەنگیی نەتەوەیی-ئایینی و ئامادەیی میلیشیاکانی سەر بە تاران لە دەسەڵاتدا تێک نەچێت.»

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، عادل باخەوان پێی وایە عێراق چیتر دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و سەروەریی نیشتمانییەکەی بە تەواوی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. بە گوتەی ئەو، هەموو بڕیارە گرنگەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دەدرێن، سوپای نیشتمانیی لاواز کراوە و هەر هەوڵێک بۆ چاکسازی ڕووبەڕووی بەربەستی تۆڕەکانی سەر بە ئێران دەبێتەوە.

باخەوان لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، عێراق وەک دەوڵەت-نەتەوەیەک وەسف دەکات لە ئەنجامی داڕمانی دامەزراوە نێوخۆییەکانی و هەژموونیی ئێران بەسەر پێکهاتەکانی دەسەڵات لە بەغدا، چووەتە نێو «پرۆسەیەکی هەڵوەشانەوەی خێرا». ئەو ئەم دۆخە بە جۆرێک لە «سەقامگیریی ستەمکارانە» ناو دەبات کە هەر هەوڵێک بۆ چاکسازی لە سەرەتادا لەناودەبات، بەڵام هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە بەردەوام نابێت، چونکە بنکەی جەماوەریی شیعەکانی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دژی هەژموونی کۆماری ئیسلامی، بەرەو ڕادیکاڵبوون دەچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نەیشینزلیگ..فەرەنسا هاندەرانی ئاشتکردەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

سەڵاح

هیندستان بە بەهای نزیکەی 30 ملیار دۆلار نەوتی عێراقی هاوردە کردووە

سەڵاح