ڕۆژی سێشەممە، هۆڵی گۆلبنکیانی سەر بە فەرمانگەی گشتیی هونەرەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق، میوانداریی پێشانگایەکی شێوەکاریی تایبەت بە پەیکەر و شەنشیلە کەلەپوورییەکانی کرد، تێیدا دەیان کاری هونەریی جیاواز نمایشکران.
پێشانگاکە بە ناونیشانی “پەیکەری درەوشاوە بۆ داهاتوویەکی گەش” لەلایەن کۆمەڵەی فادیا بۆ ڕۆشنبیری ڕێکخرابوو.
پێشانگاکە لەلایەن د. قاسم موحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هونەرەکانەوە کرایەوە و شاعیری ناسراو، د. محەمەد حوسێن ئال یاسین و ژمارەیەک لە هونەرمەندانی شێوەکار و هونەردۆستانیش ئامادەی کردنەوەکە بوون.
شبێر بەلداوی، بەڕێوەبەری هۆڵی گۆلبنکیان، ئاشکرای کرد، پێشانگاکە 35 کاری هونەری لەخۆگرتووە و هونەرمەندانی عەرەبیش لە سعودیە و یەمەنەوە بەشدارییان تێدا کردووە. بەلداوی ئاماژەی بەوەشکرد: “کارە هونەرییەکان لە ڕووی تەمەنی بەشداربووان و قوتابخانە هونەرییە جیاوازەکانەوە هەمەجۆر بوون”.

